سەرۆك بارزانی: گەلی كوێت لای ئێمە پێگەی تایبەتی هەیە
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی دەوڵەتی كوێت سڵاوی ئەمیر و حكوومەتی كوێتی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیاند و ستایشی ڕۆڵی بارزانی لە مێژووی عێراق و ناوچەكە و هەروەها سەركردایەتیكردنی شەڕی تیرۆریستان كرد.
لە وتەیەكدا سیاسەت و بۆچوونی وڵاتەكەی لەمەڕ پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە خستەڕوو و وێڕای دەڕبرینی سوپاس و پێزانینی بۆ گەلی كوردستان لە حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە ئامادەیی وڵاتەكەیشی نیشاندا كە هاوكاریی پزیشكی و خۆراك و پێداویستی تر پێشكەشی ئاوارەكان بكات.
لە بەرانبەردا سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئەمیر و حكوومەتی كوەیتی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە گەلی كوەیت پێگەی تایبەتی لای گەلی كوردستان هەیە و جەختیشی لە قووڵتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بیروڕا لەبارەی مەترسییەكانی كولتووری ئینكار و دیكتاتۆری و داگیركاری ئاڵوگۆڕ كرا و باسیش لە ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی مووسڵ كرا.
باسنیوز
