عوسمان ئۆجەلان: پەکەکە باوەڕی بە دەوڵەتی کوردستان نییە

 عوسمان ئۆجەلان: پەکەکە باوەڕی بە دەوڵەتی کوردستان نییە
سەرۆکی پێشووتری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) باوەڕی بە دەوڵەتی کوردستان نییە، ئەوەش بە ھەڵەیەکی گەورە دەزانێت و ڕایدەگەیەنێت کە دەبێ پەکەکە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی، پشتیوان و ھاوکاری باشووری کوردستان بێت.



عوسمان ئۆجەلان، سەرۆکی پێشووتری پەکەکە و برای عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە، ڕاگەیاند: دوو ھۆکار ھەیە کە پەکەکە وازی لە دروشمی دەوڵەتی نەتەوە ھێناوە، یەکەم ئەوەیە کە پەکەکە پارتێکی کوردستانی باکوور و ئێستا دۆخی ئەو پارچەیە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان جیاوازە و زیاتر لە نیوەی خەڵکی کورد لە ناو خاکی تورکیا دایە و ژمارەی کەمتری کوردەکان لەناو خاکی کوردستانی باکوور دان".



عوسمان ئۆجەلان، ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە کۆچێکی گەورەی کوردان لە کوردستانی باکوورەوە بەرەو بەشەکانی دیکەی تورکیا ڕوویداوە، بۆ نموونە ئەستەنبۆڵ ماوەیەکی دیکە ژمارەی کوردەکانی لە تورکەکان زیاتر دەبن و کوردێکی یەکجار زۆریش لە ئەنقەرە ھەن، ئەو تێکەڵکردنەی جوگرافیا و خەڵکی کوردستانی باکوور و تورکیا، قسەکردن لەسەر دەوڵەتی کوردی لە باکوور ئەستەم کردووە.



بۆ ھۆکاری دووەمیش، ئەوە دەخاتەڕوو کە دوای دەستگیرکردنی عەبدولڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان مەترسییەکی گەورە کەوتە سەر بزاڤی کورد لە باکوور و ھەر لەو کاتەوە سەرەداوەکانی وازھێنانی پەکەکە لەسەر دەوڵەت نەتەوە دەرکەوتن.

بڕای سەرۆکی پەکەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد: "عەبدوڵا ئۆجەلانیش لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بۆ باکووری کوردستان نەبووە و پێیوابوو، پرسی کورد دەبێ بەخۆسەری بەڕێوەبەری چارەسەر بکرێت".

ئەو بڕیار و ھەڵوێستەی پەکەکە لە کاتێکدایە کە لە باشووری کوردستان ھەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی چڕ کراوەتەوە. ئەو دامەزرێنەرەی پەکەکە، گوتیشی: "ئەو بیرۆکەیەی پەکەکە ڕەنگە بۆ باکووری کوردستان گونجاو بێت، بەڵام ئێستا پەکەکە وازی لە بیرۆکەی دەوڵەت نەتەوە بۆ ھەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان ھێناوە و ئەوەش ھەڵەیەکی گەورەیە، چونکە بواری دەوڵەتی کوردی لە پارچەکانی دیکە و بەتایبەت لە ھەرێمی کوردستان ڕەخساوە، بۆیە دەبێ پەکەکە و ھەموو ھێزە کوردییەکانی دیکە یارمەتی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لەو بەشەی کوردستان بدەن".







باسنیوز
Top