لە سەنگاو چەند چەکدارێک کەوتنە بۆسەیەکی ئاسایش

لە سەنگاو چەند چەکدارێک کەوتنە بۆسەیەکی ئاسایش
لە سەنگاو چوار چەکدار کەوتنە بۆسەیەکی ئاسایش و هێزەكانی دژە تیرۆر و بەگوتەی قائیمقامی چەمچەماڵ "چوار چەكداری داعش بوون و سەرجەمیان كوژراون".

شەوی چوارشەممە 17-8-2016 لەسەر رێگای تیمار- سەنگاو، چەند چەکدارێک کەوتنە بۆ سەیەکی هێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆر و سێ چەکدار کوژاراون و یەکێکیشیان خۆی تەقاندووەتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاسایش بە رووداوی راگەیاند، "سێ کارمەندی هێزەکانی دژە تیرۆر لەرووبەڕووبوونەوەکەدا برینداربوون". بەڵام قائیمقامی چەمچەماڵ رەتیدەكاتەوە و دەڵێت "لە شەڕەکەدا هیچ کارمەندێکی ئاسایش و دژە تیرۆر بریندار نەبوون".

ئامانج محەممەد، قائیمقامی چەمچەماڵ سەبارەت بەوەی دەگوترێت یەکێک لە چەکدارەکان خۆی تەقاندووەتەوە گوتی "هەم حاڵەتی خۆ تەقاندنەوە هەبووە و هەمیش لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش چەند چەکدارێک کوژراون".

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ راشگەیاند "هەندێک زانیاری ئەمنی هەیە ناکرێت دەستبەجێ لەڕێگەی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە قسەی لەسەر بکرێت، بەڵام ئەوەی ئەمشەو لەسەر رێگەی نێوان تیمار - سەنگاو روویدا، کردەوەیەکی ئەمنی بوو، کە هێزەکانی دژەی تیرۆر تێیدا بەشداربوون".

ئامانج محەممەد گوتیشی "ئۆتۆمبێلێکی تیرۆریستان لەو رێگەیە لەلایەن هێزەکانی دژەی تیرۆری کوردستانەوە رێگریان لێکرا، لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا هیچ کارمەندێکی سەر بە هێزەکانی دژە تیرۆر زیانیان بەر نەکەوتووە، ئۆتۆمبێلەکە چوار تیرۆریستی تێدا بووە، دوای ئەوەی ئامادەنەبوون خۆیان بەدەستەوە بدەن، لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆرەوە کۆنترۆڵکران".

ئامانج محەممەد، دەشڵێت "ئەو چەکدارانە سەر بە رێکخراوی داعش بوونە، تەواوی ناوچەکەش لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی دژە تیرۆردایە".

رۆژی 9ی ئەم مانگە تۆڕی میدیایی رووداو یەكەم میدیا بوو راپۆرتێكی لەسەر جموجۆڵی ئەو چەكدارانە لە چیای ئاژداخی نزیك سەنگاو بڵاوكردەوە.
دواتر لە شەوی 14-8-2016 هێزەكانی ئاسایش رووبەڕووی دوو چەكداری داعش بوونەوە و هەردووكیان كوژران.



rudaw
Top