نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق کۆبوونەوە
رۆژی چوارشەممە17-8-2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ فرانز جۆزێف کریمپ باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە.
ماڵپەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە " باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا دەستخۆشی لە خەڵک و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە کرد کە توانیویانە ئارامیی ھەرێمی کوردستان بپارێزن و رووبەرووی تیرۆر ببنە، ھەموو پیلانەکانیان تێکبشکێنن و پێشوازی لە ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بکەن و جێگەی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بکەن".
باڵیۆزی ئەڵمانیا دوپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی لەسەر ھاوکارییەکانی بۆ ھەرێمی کوردستان لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە بەردەوام دەبێت، ئامادەییی خۆیشی دەربڕی بۆ زیاتر بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییە دێرین و دۆستایەتییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و لە سەردانەکانی داھاتووشیدا ھەوڵ دەدات لە ھەموو بوارەکاندا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان تۆکمەتر بکرێن.
لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ کریمپ خواست لە ئەرکە نوێکەیدا و پاڵپشتی و پشتیوانیی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی کارەکانی دەربڕی.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ھاوپەیمان بەتایبەتی ئەڵمانیا کرد کە لە ساتە سەختەکاندا ھاوکار و پاڵپشتی ھەرێمی کوردستان بوون و ھاوکاریی سەربازی و مرۆییان پێشکەش کردووە و ھیوای بەردەوامیی ھاوکارییەکانی خواست.
بەپێی هەواڵەکەی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی باسی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە دەستی داعش و لێکەوتەکانی و باری ئابووریی ناوچەکە بەگشتی کرد، ھەردوولا ھاوڕابوون کە پێویستە چارەسەرێکی بەپەلە بۆ گشت کێشەکان بدۆزرێتەوە.
ماڵپەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان-
