خەڵکی حەویجە بەرەو لای پێشمەرگە ڕادەکەن

خەڵکی حەویجە بەرەو لای پێشمەرگە ڕادەکەن
فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە دەڵێت، ئەمڕۆ ٤٠٠ کەسی دی زیاتریش لە سنووری کەرکووکەوە خۆیان ڕادەستی ھێزی پێشمەرگە کرد؛ ئەمەش بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێتەوە؛ لەو لاو داعش زڵم‌وزۆریان لێ دەکا، لەم لایشەوە ترسی حەشدی‌شەعبییان لێ نیشتووە.



فەرماندەی ھێزەکانی پارتیی ئازادی کوردستان (حوسێن یەزدانپەنا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژ نییە خەڵکی سنووری حەویجە و ڕیاز لە ترسی داعشدا خۆیان ڕادەستی ھێزی پێشمەرگە نەکەن؛ وا ئەمڕۆش ٤٠٠ کەسی دی زیاتریش خۆیان ڕادەستی ئێمە کردووە؛ بەشێکیان بە پارە خۆیانیان لە داعش کڕیوەتەوە و، هەندێکیشیان بە دزییەوە ڕادەکەن؛ ئەوەی بە دزییەوە هەڵبێ، ڕەنگە بکەوێتە بۆسەی داعشەوە و سەری بە فەتارەتدا بچێ."

دەیشڵێت ئەوانەی ڕادەکەن، هەر بە جلەکەی بەریانەوە هەڵدێن و وەزعیان زۆر شڕە؛ کەچی هیچ ڕێکخراوێکی خێرخوازی، تەنناەت سووورەخاچی نێودەوڵەتانیش بە هانایانەوە ناچن؛ ئێمە نان و خواردنی خۆمانیان پێ دەدەین، با هەر هیچ نەبێ لە برسانا نەفەوتێن."

ئەو فەرماندەیە بەسەرهاتی ژنێکی دووگیانی گیڕایەوە ئەمڕۆ لە دەستی داعش ڕای کردووە؛ هەر کە گەیشتووەتە سنووری پێشمەرگە ژان گرتوویەتی و منداڵەکەی بووە.

دەیشڵێ خەڵک هەر لە ترسی داعشدا ڕاناکەن؛ هەیانە دەترسێ گەر داعش بڕوا، حەشدی‌شەعبی لێیان ببێتە بەڵا؛ جا بۆیە هەر لە ئێستاوە خەمی ئەو ڕۆژە دایانیگرتووە و، خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە دەکەن."

(یەزدانپەنا) جەختیشی کردەوە، تاکە ھیوای خەڵکی ناوچەکە ھێزی پێشمەرگەیە، لەبەر ئەوەی دەزانن مرۆڤدۆستن و، بە ڕێزەوەیش دەیانپارێزن.
Top