ئاسایشی سلێمانی: ئەیوبە ریشە بێ تاوانە بۆیە ئازادکراوە

ئاسایشی سلێمانی: ئەیوبە ریشە بێ تاوانە بۆیە ئازادکراوە
ئاسایشی سلێمانی لە سەر ئازادکردنی کادیرەکەی پارتی روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە، و رایدەگەیێنێت: "بێ تاوان بووە و بە بڕیاری دادوەر ئازادکراوە".

دوای ئەوەی دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی دوو کادیری پارتیان دەستگیرکرد دواتر ئازادکران، ئەمەش کاردانەوەی ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری کوردستانی لێکەوتەوە بەوەی ئاسایشی سلێمانی بە گوشاری سیاسی خەڵکیان ئازاد کردووە کە تۆمەتبارن بە دروستکردنی باندی کوشتن و دزیکردن.

یەکێک لەو کادیرانەی پارتی ناوی ئەیوب عوسمانە کە ناسراوە بە (ئەیوبە ریشە) بە تۆمەتی دروستکردنی باندی کوشتن و رفاندن دەستگیرکرابوو، دوای ئازادکردنیش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند:" بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە، بەڵام بە بڕیاری دادوەر ئازادکراوە، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی من کرا ھیچ بنەمایەکی نەبوو".

چەند پەرلەمانتارێکیش لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەیوبە ریشە رەخنەی تووندیان لە بەرپرسانی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی گرت، بەڵام ئاسایش سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت:" ئەو کەسە بێ تاوان دەرچووە".

رۆژی چوارشەممە 17-8-2016 ئاسایشی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند:" چەند کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جۆراوجۆر بە بڕیاری دادوەر لە لایەن ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە دەستگیرکران، یەکێک لەو دەستگیرکراوانە لە لێکۆڵینەوەدا ناوی (ئەیوب عوسمان عارف) ناسراو بە ئەیوەبە ریشەی ھێنا. بەبڕیاری دادوەر ئەیوب عوسمان عارف دەستگیرکرا، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەرکەوت ھیچ بەڵگەیەکی لەسەر نییە کە ھیچ تاوانێکی ئەنجامدابێت، لەبەر ئەوە بەبڕیاری دادوەر ئازادکرا.

لە سەرووبەندی دەستگیرکردنی ئەو کادیرانەی پارتی، ئەدھەم بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند: "ئەو دەستگیرکردنانە بۆ ترساندنی کادیرەکانی پارتییە لە سنووری سلێمانی، بەڵام ئەو سەردەمە بەسەر چووە".

ئەدھەم بارزانی گوتیشی: "نامەم بۆ زۆربەی سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ناردووە و پێم گوتوون ئەم بێدەنگیەش لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ناوەشێتەوەو داواشم لە مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کردووە خۆی بێتە سەر ھێڵ".


رووداو-
Top