400 کەس گوندەکانی سنووری موسڵ ئاوارەبوون
زیاتر لە 400 کەس لە گەنج و پیر و منداڵی ئەو 12 گوندەی، کە لەماوەی دوو رۆژ لە میحوەرەكانی خازر و گوێڕ- مەخموور لەلایەن پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکرانەوە، هەڵاتوون و خۆیان گەیاندووەتە ناوچەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە.
هەڵاتووەكانی ژێردەستی داعش باس لە ژیانیان دەكەن لە ژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپەدا و ئاماژە بە ناهەمواری دۆخی ناوچەكانیان دەكەن.
ژمارەیەك لە گوندییەکان دەڵێن، بەر لە چەند رۆژێک پێشمەرگە لە هێڵەکانی خۆیەوە ئاگاداری کردوون، کە ئۆپەراسیۆن لە ناوچەکەدا ئەنجامدەدرێت، تاوەکو لە ماڵەکانیان بمێننەوە و کەی هێزی پێشمەرگە گەیشت رەنگی سپی بەرزبکەنەوە.
عەقید ئەرشەد بریفکانی، بەرپرسی ئاسایشی شارۆچکەی حەمدانییە راگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە و ناونووسکردنی هەڵاتووەکان لەلایەن ئاسایشەوە، دەركەوت پێنچ لەو كەسانە چەکداری داعشن و دەستگیرکران.
بەهۆی زۆربوونی هەڵاتوو لەژێر دەستی داعش، فەرماندەکانی پێشمەرگە بەپێویستی دەزانن، کەمپێک بۆ ئاوارەکان لە میحوەری خازر دروستبکرێت.
رووداو-
