400 کەس گوندەکانی سنووری موسڵ ئاوارەبوون

400 کەس گوندەکانی سنووری موسڵ ئاوارەبوون
لە ئۆپەراسیۆنی میحوەرەكانی خازر و گوێڕ- مەخمووردا زیاتر لە 400 گوندشین بۆ ناوچەکانی بندەستی پێشمەرگە هەڵهاتوون. دوای لێکۆڵینەوەش دەرکەوتووە پێنج کەسیان چەکداری داعش بوون.

زیاتر لە 400 کەس لە گەنج و پیر و منداڵی ئەو 12 گوندەی، کە لەماوەی دوو رۆژ لە میحوەرەكانی خازر و گوێڕ- مەخموور لەلایەن پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکرانەوە، هەڵاتوون و خۆیان گەیاندووەتە ناوچەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە.

هەڵاتووەكانی ژێردەستی داعش باس لە ژیانیان دەكەن لە ژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپەدا و ئاماژە بە ناهەمواری دۆخی ناوچەكانیان دەكەن.

ژمارەیەك لە گوندییەکان دەڵێن، بەر لە چەند رۆژێک پێشمەرگە لە هێڵەکانی خۆیەوە ئاگاداری کردوون، کە ئۆپەراسیۆن لە ناوچەکەدا ئەنجامدەدرێت، تاوەکو لە ماڵەکانیان بمێننەوە و کەی هێزی پێشمەرگە گەیشت رەنگی سپی بەرزبکەنەوە.

عەقید ئەرشەد بریفکانی، بەرپرسی ئاسایشی شارۆچکەی حەمدانییە راگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە و ناونووسکردنی هەڵاتووەکان لەلایەن ئاسایشەوە، دەركەوت پێنچ لەو كەسانە چەکداری داعشن و دەستگیرکران.

بەهۆی زۆربوونی هەڵاتوو لەژێر دەستی داعش، فەرماندەکانی پێشمەرگە بەپێویستی دەزانن، کەمپێک بۆ ئاوارەکان لە میحوەری خازر دروستبکرێت.



رووداو-

Top