کۆمەڵ بەفەرمی داوای یەکگرتن لە یەکگرتوو دەکات

کۆمەڵ بەفەرمی داوای یەکگرتن لە یەکگرتوو دەکات
وتەبێژى کۆمەڵى ئیسلامى ڕاگەیاند، قۆناغى کارى هاوبەشیان لەگەڵ یەکگرتوو تێپەڕاندوە و پێشنیازى یەکگرتنیان کردووە، دەشڵێت بۆ تاوتوێکردنى پێشنیازەکە لەلایەن هەردوولاوە لیژنەیەکى هاوبەشی شەش کەسی پێکهێنراوە.

قۆناغى یەکگرتن و بەستنى هاوپەیمانى و ڕێککەوتن زۆرینەى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستانى بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، ئێن ئاڕ تی بۆ یەکەمجار ئاشکراى دەکات کە کۆمەڵى ئیسلامى داواى یەکگرتنى لە یەکگرتووى ئیسلامى کردووە.
ڕێبوار حەمەد وتەبێژى کۆمەڵى ئیسلامى، بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، قۆناغى کارى هاوبەشیان لەگەڵ یەکگرتوو تێپەڕاندووە و پێشنیازى یەکگرتنیان خستووەتە بەردەم ئەو حزبە.

کۆمەڵى ئیسلامى لە کۆبوونەوەى لوتکەى نێوان کۆمەڵ و یەکگرتوو کە دووى ئەم مانگە لە هەولێر بەڕێوەچوو پێشنیازەکەى ڕادەستى یەکگرتوو کردووە، بۆ تاوتوێکردنى پێشنیازەکەش لەئێستادا لەلایەن هەر دوو لاوە لیژنەیەکى هاوبەش پێکهێنراوە.

لیژنەى هاوبەشى یەکگرتوو و کۆمەڵ بڕیارە بەم نزیکانە یەکەم کۆبوونەوەى خۆى ئەنجام بدات، یەکگرتووى ئیسلامىیش دەڵێت کارى لە پێشینەی ئەو لیژنەیە هەڵسەنگاندن دەبێت بۆ پێشنیازى نزیکبوونەوە و یەکگرتنی یەکگرتوو و کۆمەڵ کە ئایا ئەو پرۆسەیە چۆن بێت و لە کوێ دەست پێبکەن، دەشڵێن لە ئێستاوە ئامادەن فراکسیۆنى هاوبەش لە پەرلەمانى کوردستان و عێراق و ئەنجومەنى پارێزگاکان پێکبهێنن.

بەپێى زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى لیژنە هاوبەشەکەى یەکگرتوو و کۆمەڵ پێکدێت لە شەش کەس کە سێ کەسیان ئەندامى یەکگرتوون و بریتین لە هادى عەلى سەرۆکى ئەنجومەنى سیاسى و جەماوەریى و عومەر محەمەد و خەلیل ئیبراهیم ئەندامانى ئەنجومەنى جێبەجێکردن، سێ ئەندامەکەى کۆمەڵى ئیسلامیش پێکهاتوون لە محەمەد حەکیم کارگێری ئەنجومەنی سیاسی و ڕێبوار حەمەد و محەمەد بامۆکى ئەندامانى ئەنجومەنى سیاسى.

لە پەرلەمانى کوردستان یەکگرتووی ئیسلامی خاوەنی ١٠ کورسیی و کۆمەڵى ئیسلامى خاوەنى شەش کورسییە، لە ئەگەری یەکگرتنیشیان دەبنە خاوەنی شازدە کورسی بەوەش دەبنە چوارەم حزبى هەرێمى کوردستان لە ڕووى ژمارەى کورسى و پێگەى جەماوەرییەوە.

پێشتر ئێن ئێن ئاڕ تى ئاشکرایکرد کە هەر سێ حزبە ئیسلامییەکەى هەرێم لە هەوڵى ئامادەکردنى پڕۆژەیەکى هاوبەشى ئیسلامین، بەڵام یەکگرتوو و کۆمەڵ دەڵێن لە ئێستادا پێشنیازى یەکگرتن کارى لە پێشینەیانە.
م.ر
Top