10 فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان راگەیێندراوێک بڵاودەکەنەوە

10 فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان راگەیێندراوێک بڵاودەکەنەوە
لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان 10 فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان، راگەیێندراوێک بڵاودەکەنەوە و رایدەگەیێنن: "لەو رۆژەوەی كە پەیەدە دەسەڵاتی لە رۆژئاوای کوردستان گرتووەتە دەست، دەستیان كردووە بە جێبەجێكردنی سیاسەتی پاوانخوازی دەستگیركردنی سەرۆك و ئازاردانی چالاكوانە سیاسییەكانی كورد لە رۆژئاوا".

لە راگەیێندراوەکەدا کە رۆژی 17-8-2016 بڵاوکرایەوە، هاتووە: "داوا لەو هێزە و تەواوی هێزەکانی رۆژئاوا دەكەین، بە تەنگ داهاتووی رۆژئاوای كوردستانەوە بن و هەروەها پێویستە هەموومان هەڵوێستی جددیمان هەبێت و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان و به‌رقه‌راربوونی ئارامی و یه‌كڕێزی نیشتمانی هه‌نگاو بنێین".


دەقی راگەیێندراوەکە...

هاونیشتیمانییانی كوردستان،

ماوەیەكە ڕۆژئاوای كوردستان ڕووبەڕووی زنجیرەیەك ڕووداو بووتەوە، كە جێگەی نیگەرانی هەموو لایەكمانن و وامان لێدەكەن، بەوپەڕی پەرۆشیی و دڵسۆزییمانەوە، ڕای گشتی كوردستانی لەو پێشهاتە پڕ مەترسییانە ئاگادار بكەینەوە، كە ئەگەر چارەسەرێكی گونجاو و ڕیشەیی بۆ نەدۆزرێتەوە، داهاتووی ئەو پارچەیەی كوردستان بەرەو كەنارێك دەبات، دوور بێت لە ئارامی و ئۆقرەیی و ئەو درزەی كەوتۆتە نێوان لایەنە سیاسییەكان گەورەتر دەكات، كە ئەو دۆخەیش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر داهاتوو و ماف و داواكارییە ڕەواكانی گەلەكەمان لەو پارچەیە.

لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سوریا، واقیعێك درووست بوو، كە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لەو پارچەیەی كوردستاندا، كەوتە دەست هێزێكی سیاسی كوردی بە ناوی (پارتی یەكێتی دیموكرات).

لەو ڕۆژەوەی كە دەسەڵاتیشیان گرتۆتە دەست، دەستیان كردووە بە جێبەجێ كردنی سیاسەتی پاوانخوازی دەستگیركردنی سەرۆك و ئازاردانی چالاكوانە سیاسییەكانی كورد لە رۆژئاوا.

هەروەها دەستیان داوەتە جێبه‌جێكردنی سیستەمێكی تۆتالیتاری كه‌ هەر كەسێك وەك ئەوان بیر نەكاتەوە، بە خائین لە قەڵەم دەدرێت و هەڕەشەی گرتن و ئازاردانى لەسەر دەبێت، ئەو سیاسەتەی ئەو هێزە پەیڕەوی دەكات، هیچ كاتێك خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان ناكات.

بۆیە داوا لەو هێزە و تەواوی هێزەکانی رۆژئاوا دەكەین، بە تەنگ داهاتووی ڕۆژئاوای كوردستانەوە بن و هەروەها پێویستە هەموومان هەڵوێستی جددیمان هەبێت و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان و به‌رقه‌راربوونی ئارامی و یه‌كرێزی نیشتمانی هه‌نگاو بنێین.

١- فراكسیۆنی پێشكه‌وتنى توركمان
٢- فراكسیۆنی ئاراسته‌ى سێیه‌م
٣- فراكسیۆنی هه‌ولێری توركمانی
٤- ‌‌فراكسیۆنی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
٥- فراكسیۆنی گه‌لی كلدانی سریانی ئاشووری
٦- فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان
٧- فراكسیۆنی بەرەی تورکمانی
٨- فراكسیۆنی رافیده‌ین
٩- فراكسیۆنی گه‌شه‌پێدانی توركمان
١٠- فراكسیۆنی ئه‌رمه‌ن

17ی ئابی 2016
Top