١٠ فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان دژی سیاسەتی پەیەدە پەیامێکیان ڕاگەیاند

 	 ١٠ فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان دژی سیاسەتی پەیەدە پەیامێکیان ڕاگەیاند
١٠ فراکسیۆنی نێو پەرلەمانی کوردستان لەدژی سیاسیەتی پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێن، لەو ڕۆژەوەی كە دەسەڵاتیشیان گرتۆتە دەست، دەستیان كردووە بە جێبەجێكردنی سیاسەتی پاوانخوازی و دەستگیركردنی سەرۆك و ئازاردانی چالاكوانە سیاسییەكانی كورد لە ڕۆژئاوا. هەروەها دەستیان داوەتە جێبه‌جێكردنی سیستەمێكی تۆتالیتاری كه‌ هەر كەس وەك ئەوان بیر نەكاتەوە، بە خائین لە قەڵەم دەدرێت و هەڕەشەی گرتن و ئازاردانى لەسەر دەبێت، ئەو سیاسەتەی ئەو هێزە پەیڕەوی دەكات، هیچ خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان ناكات.

هاونیشتیمانییانی كوردستان...

ماوەیەكە ڕۆژئاوای كوردستان ڕووبەڕووی زنجیرەیەك ڕووداو بووەتەوە، كە جێگەی نیگەرانی هەموو لایەكمانە و وامان لێ دەكا، بەوپەڕی پەرۆشی و دڵسۆزییەوە، ڕای گشت كوردستانیان لەو پێشهاتە پڕ مەترسیانە ئاگادار بكەینەوە، كە ئەگەر چارەسەرێكی گونجاو و ڕیشەیییان بۆ نەدۆزرێتەوە، داهاتووی ئەو پارچەیەی كوردستان بەرەو كەنارێك دەبات، دوور بێت لە ئارامی و ئۆقرەیی و ئەو درزەی كەوتووەتە نێوان لایەنە سیاسییەكان گەورەتر دەكات، كە ئەو دۆخەیش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر داهاتوو و ماف و داواكارییە ڕەواكانی گەلەكەمان لەو پارچەیە.

لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سووریا، واقیعێك دروست بوو، كە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لەو پارچەیەی كوردستاندا، كەوتە دەست هێزێكی سیاسی كوردی بە ناوی (پارتی یەكێتی دیموكرات).

لەو ڕۆژەوەی دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، دەستیان كردووە بە جێبەجێكردنی سیاسەتی پاوانخوازی و دەستگیركردنی سەرۆك و ئازاردانی چالاكوانە سیاسییەكانی كورد لە ڕۆژئاوا. هەروەها دەستیان داوەتە جێبه‌جێكردنی سیستەمێكی تۆتالیتاری كه‌ هەر كەسێك وەك ئەوان بیر نەكاتەوە، بە خائین لە قەڵەم دەدرێت و هەڕەشەی گرتن و ئازاردانى لێ دەکرێت؛ ئەو سیاسەتەی ئەو هێزە پەیڕەوی دەكات، هیچ كاتێك خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان ناكات.

بۆیە داوا لەو هێزە و تەواوی هێزەکانی ڕۆژئاوا دەكەین، بە تەنگ داهاتووی ڕۆژئاوای كوردستانەوە بن و هەروەها پێویستە هەموومان هەڵوێستی جددیمان هەبێت و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان و به‌رقه‌راربوونی ئارامی و یه‌كرێزیی نیشتمانی هه‌نگاو بنێین.

١. فراكسیۆنی پێشكه‌وتنى توركمان

٢. فراكسیۆنی ئاراسته‌ى سێیه‌م

٣. فراكسیۆنی هه‌ولێری توركمانی

٤. ‌‌فراكسیۆنی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان

٥. فراكسیۆنی گه‌لی كلدانی سریانی ئاشووری

٦. فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان

٧. فراكسیۆنی بەرەی تورکمانی

٨. فراكسیۆنی ڕافیده‌ین

٩. فراكسیۆنی گه‌شه‌پێدانی توركمان

١٠. فراكسیۆنی ئه‌رمه‌ن
Top