لەو ٧٢ سەعاتەدا، پێشمەرگە پیشانی جیهانی دا کە هێزی کورد چەندە

 	 لەو ٧٢ سەعاتەدا، پێشمەرگە پیشانی جیهانی دا کە هێزی کورد چەندە
فەرماندەیەکی پێشمەرگە بۆ ئازایەتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی پێشمەرگە دەڵێ، لە سای پلانە سەرکەوتووەکانی (سەرۆک بارزانی) و ھێزی پێشمەرگەوە بە ٧٢ سەعات سەرکەوتنێکی هەرە گەورەمان بۆ مێژوو تۆمار کرد و بە دنیامان سەلماند کورد ھەیە و، نامرێ و، هێزی کوردمان نیشان دا.

(سەرۆک بارزانی) لە پەیامێکیدا لە یادی (٧٠ ساڵەی دامەزراندی پارتی دیموکراتی کورستان) ڕایگەیاند: "پێشمەرگە زیاتر لە ھەر کەس و لایەنێک مافی ھەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی گەلی کوردستان بدات؛ چونکە بە خوێن و گیانی خۆی کوردستان دەپارێزێت. پەیامی سەربەخۆییی گەلی کوردستان پەیامی ئاشتی و، ڕیشەڵکێشکردنی شەڕ و نەهامەتییە. سەربەخۆییی کوردستان ھیچ زەرەر و ھەڕەشەیەکی نییە بۆ ھیچ لایەک، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێتە فاکتەری سەقامگیری و پێکەوەژیان و برایەتیی گەلان لە ناوچەکەدا."

لەم بارەیەوە فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە (جەمال مورتکە) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: " ھەموو ھەنگاوەکانی شۆڕشی کورد ئەگەر سەیری قۆناغەکانی شۆڕش بکەین، دەری‌دەخات کورد بەحوکمی ئەو ڕاستییەی لە جوگرافییەی شوێنەکەی ھەیە بەبێ لەشکری ھێزی پێشمەرگە و بەبێ بەرگری و پاراستنی سنوور و خاکەکەی ناتوانێ بگاتە ئامانج لەبەر ئەوەی شێوازی نەتەوەکانی دەوروو بەر شیوازی دەوڵەتەکانی ڕەگەز پەرست و شۆڤینی ھیچ ئامادەنین کوردستان بپارێزن، ئەگەر بەزەبری ھێز کەسانێکی شۆرشگێر کە داکۆکی لەسەر مافی نەتەوەکەی خۆی بکات و چاونەترسانە بێتە مەیدان لێیان، ئەگەرنا ئەوان بە ھیچ شێوەیەک ئەمەنین، بۆیە بۆچوونەکانی (جەنابی سەرۆک) دەلالەت دەکات لە وەی ھێزی پێشمەرگە سینبولی شۆرش و بەرخودانە ھەموو ئاواتەکانی ئایندەی گەل لەو ڕێگەیە بەدەست دێـت، پێشمەرگە لە دووساڵی ڕابردوو ئیسپاتی کرد ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە کورد ناڵێین نەدەما، بەڵام شپرزە دەبوو؛ خاکەکەی داگیر دەکرا و ئاوارە و دەربەدەر دەبوو، دەبووە میللەتێکی بێ‌خاک و بێ‌مێژوو بێ‌پاشەڕۆژ؛ بۆیە ئەو بابەتە زۆرگرنگە و پێویستە درک بەم ئازایەتییەی پێشمەرگە بکەین."

(مورتکە) گوتیشی: "ھێز و بازووی ئێستا و ئەو چەند ڕۆژەی دیتمان پێشمەرگە خۆی زیاتر چەسپاند ھەم لە ڕوانگەی سەربازی ھەم لە ڕوانگەی سیاسییش، پێویستە خۆمان و دەورووبەرمان بڕوا بەوە بێنین کە کورد خاوەنی ھەیە؛ کورد ھێزێکی ھەیە؛ جا بابە ھەوڵ و ھیمەتی ھەموو لایەک بیر لە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە بکەینەوە و، بیر لەو ڕابەرایەتییەی (جەنابی سەرۆک) بکەینەوە کە ڕێنیشاندەرە و ڕێنوێن؛ پلانەکانی (سەرۆک بارزانی) لەو چەند ڕۆژەدا بە ٧٢ سەعات لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگەدا داستانێکی هەرە گەورەی بۆ مێژوو تۆمار کرد؛ نیشانمان دا ئێمە نامرین و ھەین."
Top