پەردە لەسەر تابلۆی 32 شەهیدی پارتی لا درا

پەردە لەسەر تابلۆی 32 شەهیدی پارتی لا درا
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی لە جەلەولا دەڵێ، ئەمڕۆ لە مەراسیمێكی شایستە لەناو ئاپۆرای جەماوەری شارۆچكەی گوڵاڵە (جەلەولا)دا پەردە لەسەر تابلۆی 32 شەهیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لا درا كە لە شەڕی داعشدا شەهید بوونە.

عامر رەفعەت بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە گوڵاڵە ڕاگەیاند: "بە بۆنەی یادی 70 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بۆ رێزگرتن لە خوێن و شەهیدانی دژ بە تیرۆرستانی داعش، ئەمڕۆ لە شارەدێی گوڵاڵە (جەلەولا)دا بە سەرپەرشتی بەرپرسانی حزبی و خانەوادەی شەهیدان و فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە و ئاپۆرای جەماوەر لە مەراسیمیكی شایستەدا پەردەمان لەسەر تابلۆی 32 شەهید لا دا."

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی لە جەلەولا ڕوونیشی كردەوە: "ئەم شەهیدانە سەرجەمیان كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان بوونە و لە بەرگریكردن لە خاكی پیرۆزی كوردستاندا بەردەوام بوون تا بە پلە هەرە بەرزەکەی شەهیدی، چوونەوە بەر ڕەحمەتی خوا."

جەختیشی كردەوە كە: "ئەگەرچی شەهید زۆر گەورە و پیرۆزە بەڵام ئێمە لەو كارەماندا دەمانەوێت وەفایەك بۆ شەهیدەكانمان بنوێنین و پاڵەوانی و قارەمانەتیەكەیان لەیاد نەكرێت."



PDK.info
Top