لەو ٧٢ سەعاتەدا، پێشمەرگە پیشانی جیهانی دا کە هێزی کورد چەندە
(سەرۆک بارزانی) لە پەیامێکیدا لە یادی (٧٠ ساڵەی دامەزراندی پارتی دیموکراتی کورستان) ڕایگەیاند: "پێشمەرگە زیاتر لە ھەر کەس و لایەنێک مافی ھەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی گەلی کوردستان بدات؛ چونکە بە خوێن و گیانی خۆی کوردستان دەپارێزێت. پەیامی سەربەخۆییی گەلی کوردستان پەیامی ئاشتی و، ڕیشەڵکێشکردنی شەڕ و نەهامەتییە. سەربەخۆییی کوردستان ھیچ زەرەر و ھەڕەشەیەکی نییە بۆ ھیچ لایەک، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێتە فاکتەری سەقامگیری و پێکەوەژیان و برایەتیی گەلان لە ناوچەکەدا."
لەم بارەیەوە فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە (جەمال مورتکە) ڕایگەیاند: " ھەموو ھەنگاوەکانی شۆڕشی کورد ئەگەر سەیری قۆناغەکانی شۆڕش بکەین، دەریدەخات کورد بەحوکمی ئەو ڕاستییەی لە جوگرافییەی شوێنەکەی ھەیە بەبێ لەشکری ھێزی پێشمەرگە و بەبێ بەرگری و پاراستنی سنوور و خاکەکەی ناتوانێ بگاتە ئامانج لەبەر ئەوەی شێوازی نەتەوەکانی دەوروو بەر شیوازی دەوڵەتەکانی ڕەگەز پەرست و شۆڤینی ھیچ ئامادەنین کوردستان بپارێزن، ئەگەر بەزەبری ھێز کەسانێکی شۆرشگێر کە داکۆکی لەسەر مافی نەتەوەکەی خۆی بکات و چاونەترسانە بێتە مەیدان لێیان، ئەگەرنا ئەوان بە ھیچ شێوەیەک ئەمەنین، بۆیە بۆچوونەکانی (جەنابی سەرۆک) دەلالەت دەکات لە وەی ھێزی پێشمەرگە سینبولی شۆرش و بەرخودانە ھەموو ئاواتەکانی ئایندەی گەل لەو ڕێگەیە بەدەست دێـت، پێشمەرگە لە دووساڵی ڕابردوو ئیسپاتی کرد ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە کورد ناڵێین نەدەما، بەڵام شپرزە دەبوو؛ خاکەکەی داگیر دەکرا و ئاوارە و دەربەدەر دەبوو، دەبووە میللەتێکی بێخاک و بێمێژوو بێپاشەڕۆژ؛ بۆیە ئەو بابەتە زۆرگرنگە و پێویستە درک بەم ئازایەتییەی پێشمەرگە بکەین."
(مورتکە) گوتیشی: "ھێز و بازووی ئێستا و ئەو چەند ڕۆژەی دیتمان پێشمەرگە خۆی زیاتر چەسپاند ھەم لە ڕوانگەی سەربازی ھەم لە ڕوانگەی سیاسییش، پێویستە خۆمان و دەورووبەرمان بڕوا بەوە بێنین کە کورد خاوەنی ھەیە؛ کورد ھێزێکی ھەیە؛ جا بابە ھەوڵ و ھیمەتی ھەموو لایەک بیر لە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە بکەینەوە و، بیر لەو ڕابەرایەتییەی (جەنابی سەرۆک) بکەینەوە کە ڕێنیشاندەرە و ڕێنوێن؛ پلانەکانی (سەرۆک بارزانی) لەو چەند ڕۆژەدا بە ٧٢ سەعات لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگەدا داستانێکی هەرە گەورەی بۆ مێژوو تۆمار کرد؛ نیشانمان دا ئێمە نامرین و ھەین."
PDK.info
