هەرێمی كوردستان خاوەن ژینگەیەكی ئارامە
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە فرانز جۆزێف كریمپ باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كریمپ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دەستبەكاربوونی وەك باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كە ماوەی دوو هەفتەیە دەستی بەكار كردووە، دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان خاوەن ژینگەیەكی ئارامە و لەمبارەیەشەوە دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد كە توانیویانە ئارامیی هەرێمی كوردستان بپارێزن و ڕووبەرووی تیرۆر ببنە و هەموو پیلانەكانیان تێكبشكێنن و پێشوازی لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بكەن و جێگەی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بكەن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی ئەڵمانیا لەسەر هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە بەردەوام دەبێت و ئامادەییی خۆیشی دەربڕی بۆ زیاتر بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییە دێرین و دۆستایەتییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا و لە سەردانەكانی داهاتووشیدا هەوڵ دەدات لە هەموو بوارەكاندا پەیوەندییە دووقۆڵییەكان تۆكمەتر بكرێن.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ كریمپ خواست لە ئەركە نوێكەیدا و پاڵپشتی و پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ سەرخستنی كارەكانی دەربڕی. هەروەك سوپاسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمان بەتایبەتی ئەڵمانیا كرد كە لە ساتە سەختەكاندا هاوكار و پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بوون و هاوكاریی سەربازی و مرۆییان پێشكەش بە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە و هیوای بەردەوامیی هاوكارییەكانی خواست.
باسی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش و لێكەوتەكانی و باری ئابووریی ناوچەكە بەگشتی كرد و لەمبارەیەشەوە هەردوولا بیروبۆچوونیان ئاڵوگۆڕ كرد و هاوڕا بوون كە پێویستە چارەسەرێكی بەپەلە بۆ گشت كێشەكان بدۆزرێتەوە.
