سێناتۆر كۆری بووكەر پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان دووپات كردەوە

 سێناتۆر كۆری بووكەر پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان دووپات كردەوە
لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەندامی لیژنەی ئاساییش و كاروباری حكوومەت لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا بەڵێنی بە سەرۆك بارزانی دا كە گرفت و ئاواتەكاتی گەلی كوردستان بە خەڵكی ئەمەریكا بگەیێنێت و پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان دووپاتكردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە 17ـی 8ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سێناتۆر كۆری بووكەر ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا لە پارتی دیموكرات و ئەندامی لیژنەی ئاساییش و كاروباری حكوومەت لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كێن گرووس كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سیاسی و سەربازی.

لە دیدارەكەدا سێناتۆر كۆری بووكەر ستاییشی خۆڕاگریی و خەباتی گەلی كوردستان كرد و ئەوەی خستەڕوو كە گەلی كوردستان بەهۆی ئازایەتیی پێشمەرگە و پێكەوەژیان و لەخۆبوردەیی و مامەڵەی باشیان لەگەڵ قەیرانە ئاڵۆزەكان ناوبانگێكی باشی لە جیهاندا هەیە و ئەوەی بە هۆكارێك زانی كە ئەمەریكا دۆستایەتیی گەلی كوردستان بكات. پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی شەڕی تیرۆر هەبوو و سوپاسی گەلی كوردستانی كرد كە سەرباری بوونی شەڕ و تەحەدیاتی ئابووری میوانداریی سەدانهەزار ئاوارەیان كردووە. هەروەها ئەوەیشی ڕاگەیاند كە گەلی كوردستان بۆ پاراستنی خۆی و عێراق و جیهان شەڕی تیرۆری كردووە و ئەوە كارێكی مەزنە و جێگەی شانازیی هەموو لایەكە. بەڵێنیشی بە سەرۆك بارزانی دا كە گرفت و ئاواتەكاتی گەلی كوردستان بە خەڵكی ئەمەریكا بگەیێنێت و پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان دووپاتكردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كرد كە پشتیوانی گەلی كوردستانن و ئەوەی دووپات كردەوە كە هاوكاریی سەربازیی سوپای ئەمەریكا بۆ پێشمەرگە كاریگەریی زۆری لە مسۆگەركردنی سەركەوتنەكان بووە و ڕایگەیاند هەماهەنگیی وردی نێوان سوپای ئەمەریكا و پێشمەرگە كارێكی نموونەیی هاوبەش و سەركەوتوو بووە و لە ئەنجامدا ئەفسانەی داعش تێكشكا بە بێ ئەوەی تەنانەت یەك شونی مەدەنیش بكرێتە ئامانج. وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی گەلی كوردستان لە عێراق و ئەو كارەسات و نەهامەتیانەی بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە ڕایگەیاند كە گەلەكەمان بڕوایەكی تەواویان بە پێكەوەژیان هەیە و كێشەی تاییفەگەری لە فەرهەنگی گەلەكەمان بوونی نییە و ناشبێتە تەڕەف لە ململانێی تاییفیی ناوچەكە. هەروەها ڕۆشنایی خستەسەر كێشەی ئاوارە و پەنابەران و ئەوەی خستەڕوو كە گەلی كوردستان وەك ئەركێكی مرۆیی و نیشتیمانی دەرگەی بەڕووی ئاوارەكان كردەوە و یارمەتیی داون و گلەیی ئەوەیشی كرد كە حكوومەتی عێراق لە ئاست كێشەی ئاوارەكان بەرپرسیارانە نەجووڵاوەتەوە و كۆمەڵگەی دەولیش لە یارمەتیدانی ئاوارەكان كەمتەرخەم بووە.
سەرۆك بارزانی باسی لە كێشەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پیادەكردنی مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان ئاشتیانە و بە دیالۆگ و لەپێناو ڕێگەگرتن دەبێت لە قووڵتربوونی گرفتەكان و هەروەها بۆ بەدیهاتنی ئاشتی و بووژانەوە و برایەتی دەبێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراقی كرد كە كۆتایی بە ئەركەكانی دێت لە ئاییندەیەكی نزیكدا و پێزانینی بۆ ڕۆڵ و ماندووبوونی هەبوو و بە دۆستێكی نزیكی گەلی كوردستانی وەسف كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.










KDP
Top