خۆراكی مانگانەی 2033 خێزانی ئاوارەی چیای شنگال دابەش کرا
لە درێژەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەهاناوەچوون و دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیان بۆ ئاوارە و پەنابەران، ئەمڕۆ چوارشەممە 17/8/2016 دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پرۆگرامی خۆراكی جیهانی WFP مانگانە خۆراكی ئاوارەكانیان دابین کرد.
هاوکات ئەمڕۆ بەشە خۆراكی مانگانەیان بەسەر 2033 خێزان لە كەمپی ئاوارە ئێزدییەكانی سەر چیای شنگالدا دابەش كرد، كە هەر پریاسكەیەكی 20 كیلۆگرام خۆراك بوو.
لەو بارەیەوە مووسا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاندووە: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێكخراوی خۆراكی جیهانی WFP مانگانە خۆراك و پێداویستیی خۆراكی بەسەر ئاوارەكان لە زۆربەی كەمپ و شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكات".
جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە گەورە و بەردەوامەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پرۆگرامی خۆراكی كە زیاتر لە 75.398 خێزان لە كەمپی ئاوارەكان لە دابینكردنی بەشە خۆراكی مانگانە سودمەند دەبن".
باسنيوز
