کوردستانی ڕۆژهەڵات.. حەوت گەنجی کورد مەترسیی سێدارەیان لەسەرە

 کوردستانی ڕۆژهەڵات.. حەوت گەنجی کورد مەترسیی سێدارەیان لەسەرە
حەوت گەنجی کورد کە لە کاتی مێرمنداڵیدا، تووشی تاوان بوون، لەلایەن دادگاکانی حکوومەرتی ئێران لە شارەکانی سنە، مەهاباد، سەقز و میاندواوەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی کوردپا، ئەو حەوت گەنجە کوردە بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست تۆمەتبار کراون و لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە، حوکمی سیدارەیان بۆ بڕاوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، شوناسی ئەو حەوت گەنجە کوردە بریتییە لە "ڕەئووف حەسەنی، کوڕی محەممەد کەریم، ئازاد محەممەد زادە، کوڕی عوسمان، ساڵح تەیمووری، کوڕی جەلال، خالید ڕەسوولی، کوڕی مستەفا، ئەسعەد ڕەسوول نەژاد، کوڕی عەلی، ناسر خزری کوڕی عەبدوڵڵا و یەدوڵڵا ڕەحیم زادە، کوڕی خوسرەو، ڕاگەیەنراوە.

ئەو 7 مێرمنداڵە کوردە، لە کاتێکدا بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست تۆمەتبار و دەستبەسەر کراون، کە تەمەنیان 15 ساڵ بووە.

دەرکردنی سزای سێدارە بۆ ئەو حەوت گەنجە کوردە، لە کاتێک دایە کە تەمەنی حوکم و سزای منداڵان بۆ کوڕان، 15 ساڵ و بۆ کچانیش9 ساڵ دیاری کراوە.

ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ، سزای کەسانی تەمەن خوار 18 ساڵی قەدەغە ڕاگەیاندووە.

ئێران وەکوو ئەندامی "ڕێککەوتنی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان" و "ڕێککەوتنی مافی منداڵان" بەرپرسیارە لە سێدارەی منداڵانی تەمەن خوار 18 ساڵ و بە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە، بە یەکێک لەو وڵاتانە بە ئەژمار دێت کە منداڵان لەسێدارە دەدات.








باسنيوز
Top