سەفین دزەیی: پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی نەینەوا ناکشێتەوە

 سەفین دزەیی: پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی نەینەوا ناکشێتەوە
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، لە ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای نەینەوا، ناکشێنەوە.

رۆژی چوارشەممە 17ـی ئابی 2016، سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاند، کە هێزەکانی پێشمەرگە زیاتر پیشڕەوی دەکەن و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی ئەو پارێزگایە، رزگار دەکەنەوە.

سەفین دزەیی رەتی کردووەتەوە هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە بکێشنەوە و جارێکی دیکە ئەو ناوچە کوردستانییانە رادەستی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکرێنەوە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 16ـی ئاب، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد، لەناوچەکانی خۆیان بمێننەوە و چیتر پێشڕەوی بەرەو شاری مووسڵ نەکەن.

رۆژی چوارشەممە 17ـی ئاب، حەمید ئەفەندی، بەرپرسی میحوەری باشیکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان رایگەیاند، کە پێشمەرگە فەرمان لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان وەردەگرێت نەک حەیدەر عەبادی، ”ئێمە عەبادی هەر ناناسین و نازانین کێیە؟ ئێمە فەرمان لە بارزانی وەردەگرین“.

پێشتریش مەسعود بارزانی رایگەیاند بوو، کە پێشمەرگە تاوەکو دوا خاڵی سنووریی کوردستانی باشوور پێشڕەوی دەکات و جارێکی دیکە لەو ناوچە کوردستانییانە ناکشێتەوە.

چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.









باسنیوز
Top