مووچەی مانگی 7ی وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی پرۆتۆکۆڵەکەی نێوان هەولێر و واشنتۆن دابین دەکرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە 17\8\2016، سەرچاوەیەک لەناو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: کاری وردبینیکردنی مووچەی مانگی 7ی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی هاتووە، هەرچەندە ئەو پرۆسەیە ماوەی 3 ڕۆژی خایان، بەهۆی ئەوەی پێویستی بە وردییەکی زۆر هەبوو“. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئێستا چاوەڕوانی واژووی ڕابەر سدیق، بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بە وەکالەت دەکرێت، بۆ ئەوەی واژوو لەسەر لیستەکە بکات و دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگە دەست پێ بکات.
سەرچاوەکەی (باسنیوز) ئەوەشی ئاشکرا کرد کە مووچەی مانگی 7ی وەزارەتی پێشمەرگە، لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆڵەکەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دابین دەکرێت. گوتیشی: ”بەپێی ئەو لیستەی وردبینی تێدا کراوە، مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مانگی 7، نزیکەی 40 ملیار دینار دەبێت“. ڕوونیشی کردەوە کە ئێستا چاوەڕوان دەکرێت، پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووزی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە بکرێت و دابەشکردنی مووچە دەست پێ بکات.
بە گوتەی سەرچاوەکە، دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی 7ی وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی دارایی هەوڵ دەدات دەست بە دابەشکردنی مووچەی وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
ڕۆژی 12\7\2016، بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لێکتێگەیشتنێک لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا واژوو کرا کە لەمبارەیەوە مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، ڕاگەیاند: ”جگە لە لایەنە ئابوورییەکەی، ئەو پرۆتۆکۆڵە گەرەنتییەکیشە بۆ گەلی کورد“.
باسنیوز
