حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی عەبادی دەداتەوە
لەبارەی نوێترین لێدوانی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق کە گوتبووی نابێت پێشمەرگە لە شوێنی خۆیان بجوڵێن و فراوانخوازی بکەن، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "پێشمەرگە لە پێشڕەوییەکانی بەردەوام دەبێت".
سەفین دزەیی راشیگەیاند "پێشڕەوییەکانی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت تا ئازادکردنی تەواوی ناوچە کوردستانییەکان لە سنووری نەینەوا". جەختیشیكردەوە "پێشمەرگە لەو ناوچانە ناکشێتەوە کە ئازادی کردوون و ئەوانەشی لە داهاتوودا ئازادیان دەکات".
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 16-8-2016 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند "لەگەڵ هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتنمان هەیە، کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵدا نابێت پێشمەرگە لە شوێنی خۆیان بجوڵێن و فراوانخوازی بکەن، پێویستە لە شوێنیەکانی ئێستایان بمێننەوە، تەنانەت ئەگەر هاوکاری سوپای عێراقیش بکەن".
ئەم لێدوانەی عەبادی دوای پێشڕەوییەكانی ئەم هەفتەیەی هێزی پێشمەرگە هات بە درێژایی زیاتر لە 20 كیلۆمەتر لە میحوەرەكانی خازر، گوێڕ و مەخموور، كە لە ئۆپەراسیۆنێكی دوو رۆژیدا 12 ی گوندی كوردنشین و عەرەبنشینی لەژێر دەستی داعش دەرهێنان.
