داعش لە سنووری خورماتوو دووجار هێرشیكردە سەر پێشمەرگە

 داعش لە سنووری خورماتوو دووجار هێرشیكردە سەر پێشمەرگە
شەوی رابردوو لە سنووری میحوەری خورماتوو داعش دووجار هێرشیكردە سەر پێشمەرگە، بەگوتەی فەرماندەی فەوجی یەكی لیوای 116، لە هەردوو هێرشەكەدا ‌و دوای چەند كاژێرێك شەڕكردن، داعش تێكشاوە. گوتیشی "خۆم و سێ‌ پێشمەرگە بە سووكی برینداربووین".

هەڵمەت ریشە، فەرماندەی فەوجەی یەك لە لیوای 116 ی میحوەری خورماتوو راگەیاند:
بە سوودوەرگرتن لە خۆڵبارین ‌و خراپی كەشوهەوای شەوی 16 لەسەر17ی 8-2016، لە سنووری گوندی سماقەی میحوەری سێی خورماتوو، داعش دووجار هێرشیكردە سەر پێشمەرگە.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتیشی "هێرشی یەكەمیان لە نزیك گوندی سماقە‌و ئەوی دیكەشیان لە سنوری گوندی زەرگە بوو، لە هەردوو هێرشەكەدا دوای چەند كاژێرێك شەڕكردن، چەكدارانی داعش تێكشكان".

لەبارەی زەرەر و زیانەكانی شەڕەكە، هەڵمەت ریشە گوتی، خۆی ‌و سێ‌ پێشمەرگەی دیكە بە سووكی برینداربوون، لەبارەی زیانەكانی داعشیش گوتی "بەهۆی ئەوەی شەو بوو زیانەكانی ئەوانمان نەزانین، بەڵام بەدڵنیایەوە زیانی گەورەیان بەركەوتووە، چونكە ئەوان هێرشیانكرد ‌و لە هەردوو هێرشەكەشدا شكان".

ئەم هێرشەی داعش لەكاتێكدایە، دوای ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە لە سنووری میحوەرەكانی خازر، مەخموور و گوێڕ و كۆنترۆڵكردنەوەی 12 گوند، دوێنێ سێشەممە داعش لە چوار قۆڵەوە لە شنگال و، لە مەخمووریش هێرشیكردە سەر پێشمەرگە، بەڵام سەرجەم هێرشەكانیان تێكشكێنران.








رووداو -
Top