شەش حزبی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ سێیەم جار کۆ بوونەوە

 شەش حزبی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ سێیەم جار کۆ بوونەوە
شەش لایەنی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات سێیەم کۆبوونەوەی خۆیان لە ئاستی کۆمیتەی ناوەندیدا ئەنجام دا و تاکوو ئێستاش نەیانتوانیوە ئاستی کۆبوونەوەکان بۆ ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی بەرز بکەنەوە.



ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدكا) لە سلێمانی ‌حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، حزبی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕێکخراوەی کوردستانی ‌حزبی کۆمۆنیست و سازمانی خەبات لە ئاستی کۆمیتەی ناوەندیدا کۆ بوونەوە.



ئەمڕۆ چوارشەممە (17/8/2016)، عەتا ناسرسەقزی - ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەکانیان لە سلێمانی بە (باسنیوز)ی گوت: "کۆبوونەوەکە لە درێژەی کۆبوونەوەکانی ڕابردوو بۆ نزیککردنەوەی هەڵوێستی حزبەکان بۆ کاری هاوبەش بووە".



ئاشکراشی کرد، ئەگەرچی باس لە بەرزکردنەوەی ئاستی کۆبوونەوەکان و تەنانەت کۆبوونەوەی لووتکەی ئەو شەش لایەنەش کراوە، بەڵام تاکوو ئێستا گرفت و جیاوازی هەیە و بڕیاری کۆتایی لای دەفتەری سیاسییە کە ئایا بڕیاری کاری هاوبەش و دروستکردنی بەرەی کوردستانی دەدەن یان نا.



عەتا ناسر سەقزی ئاماژەی بەوەدا کە کەشی کۆبوونەوەکان لەو ئاستەدا ئەرێنییە، بەڵام هەتا ئاستی کۆبوونەوەکان بۆ مەکتەبی سیاسی بەرز نەکرێتەوە، بڕیاری تێدا نادرێت.



لە دوو مانگی ڕابردوودا شەش لایەنی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبێ بەشداری پێکردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" و پارتی ئازادیی کوردستان "پاک" سێ کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە و بە گوتەی خۆیان هەوڵ بۆ دروستکردنی بەرەیەک بۆ کاری هاوبەشی سیاسیی و سەربازی دەدەن.








باسنیوز
Top