قوباد تاڵەبانی بۆ پارتی: حزبەكەتان نموونەی خەباتگێڕی و گیانفیدایی بووە

قوباد تاڵەبانی بۆ پارتی: حزبەكەتان نموونەی خەباتگێڕی و گیانفیدایی بووە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. لەساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆک مەسعود بارزانی و ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبە دەکات.

قوباد تاڵەبانی بۆ یادی حەفتا ساڵەی دامەزراندنی پارتی دەڵێت:" یادی 70 ساڵی دامەزراندنی حزبەكەتان له ‌هه‌لومه‌رجێكی هەستیاری ناوخۆیی و دەرەكی دەکەینەوە، ئه‌گه‌ری جۆراوجۆریش لە ‌ئارادایە، هەر له‌م دۆخەی ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌گه‌لێك هەن كە هەرێمی كوردستانیان تەنیوە، هەموویان فاكتەر و هاندەرن بۆ لێكترازانی نێو ماڵی كورد‌، بۆیە دەبێت هەموو حیزب و لایەنەكان بە حكومەت و پەرلەمانیشەوە، بەردەوام لە هەوڵی پووچەڵکردنەوەی هەر رەوشێکی نەخوازراو بین كە ئەگەری لە ئارادابوونی هەبێت".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا قوباد تاڵەبانی دەڵێ " حیزبەكەتان لە 70 ساڵی رابردوو نموونەی خەباتگێڕی و گیانفیدایی بووە و، بە جۆرەها رەوشی جیاوازدا تێپەڕیوە لە سەركەوتن و لە قەیران و قوربانیدان هاوشانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و حزبە كوردستانیەكانی تر، كە ئەمەش نەریتێكی واقعبینیە بۆ هەر حزبێك یاخود رێكخراوێك كە ئامانجی هەبێت و خەبات لە پێناو ئامانجەكانی بكات".

دەقی پەیامی قوباد تاڵەبانی:

بەڕێز کاك مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان
هه‌ڤاڵانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌ وسەركردایەتی وئەندامان ولایەنگرانی بەڕێز

سڵاوێکی گەرم..

بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان-ەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین و، بەهیوای ئەوەی ئەم یادە ببێتە هاندەرێك بۆ رەخساندی دەرفەتێكی زێڕین لەپێناو رێخكستن و یەكخستنی نێو ماڵی كورد..

هەڤاڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان..

یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی حزبەكەتان له‌هه‌لومه‌رجێكی هەستیاری ناوخۆیی ودەركی دەکەینەوە، ئه‌گه‌ری جۆراوجۆریش لە ‌ئارادایە، هەر له‌م دۆخەی ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌گه‌لێك هەن كە هەرێمی كوردستانی پێ تەنیوەتەوە، هەموویان فاكتەرێكن وهاندەرێكن بۆ لێكترازانی نێو ماڵی كورد‌، بۆیە دەبێت هەموو حزب و لایەنەكان بە حكومەت وپەرلەمانیشەوە، بەردەوام لە هەوڵی پوچەڵ كردنەوەی هەر ڕەوشێکی نەخوازراو بین كە ئەگەری لە ئارادابوونی هەبێت..
بەڕێزان..

تێكرای په‌یوه‌ندی باشی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان، ودواتر لەگەڵ حكومەت ودەزگا شەرعییەكان، باشترین فرسەتن له‌پێناوی بەدیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌لی كوردستان و سەرخستنی پرۆسه‌ی سیاسی و دیموكراسی لەم هەرێمە. شاراوەش نیە كە حزبەكەتان، لە ٧٠ ساڵی رابردوو نموونەی خەباتگێری و گیانفیدایی بووە، و بە جۆرەها رەوشی جیاوازدا تێپەریوە لەسەركەوتن و لە قەیران و قوربانیدان هاوشانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و حزبە كوردستانیەكانی تر، كە ئەمەش نەریتێكی واقع بینیە بۆ هەر حزبێك یاخود ڕێكخراوێك كە ئامانجی هەبێت وخەبات لە پێناو ئامانجەكانی بكات.. ئێستاش لەبەردەم هەموو ئەگەرەكان، پاراستنی یه‌كێتیی ریزه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و قوڵكردنه‌وه‌ی ته‌بایی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بەرپرسیاریەتی ئێوە و هەموو لایەكمانە تا دوورخستنەوەی مەترسییەكان و گەیشتن بە ئامانج..

فڕە ڕەنگی نێو هێزی پێشمەرگەی قارەمان وتەبایی و برایەتی نێو سەنگەرەكان لەکاتی شكاندن وشكسپێهێنانی دوژمەنەكانمان، زیندووترین نمونەیە بۆ زەرورەتی یەكخستنی نێو ماڵی كورد، دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم وهیوای هەمیشە سەركەوتنتان بۆ دەخوازم..

قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکوەزیران
16ی ئابی 2016


Top