ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دۆسیەی کوژرانی گەنجەکەی کەرکووک رادەگەیێندرێت

ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دۆسیەی کوژرانی گەنجەکەی کەرکووک رادەگەیێندرێت
کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی گەنجەکەی کەرکووک بەرەوە کۆتایی دەڕۆن و، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامی کۆتایی رادەگەیێندرێت.

لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ گەنجێک بە ناوی بارزان محەممەد لە کەرکووک دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر کە ئاسەوار بە جەستەیەوە دیاربوو، تەرمەکەی بە فڕێدراوی دۆزرایەوە.

لەسەر جەستەی گەنجەکە بە تاتۆ ناوی بارزانی نووسرابوو، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە لەلایەن ئاسایشتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كوژرابێت، بەڵام ئەوكات بەرپرسانی ئاسایش ئەو دەنگۆیەیان رەتكردەوە و رایانگەیاند، نەك كوشتن، تەنانەت هیچ كەسێك لەسەر ئازادی رادەربڕین دەستگیر ناكەن.

ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بە جۆرێک رۆژی 24-7-2016 مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەتی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان راسپارد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دەرخستنی راستییەکان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند "بۆ پاراستنی رەوتی لێکۆڵینەوەکە لیژنەکە لە 6 کەس پێکھاتووە، 3 کەس لە ھەولێر و 3 کەسی دیکەش لە سلێمانی، لێکۆڵینەوەکە بەرەو قۆناخی کۆتایی دەڕوات و بڕیارە دەرەنجامی لێکۆڵینەوە بە راپۆرتێک ئاراستەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بکرێت و پاشان رای گشتی لێ ئاگادار بکرێتەوە".

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوە بهێنرێت گوتیشی "ئەگەرچی کەسوکاری گەنجە کوژراوەکە سکاڵایان تۆمارکردبوو، بەڵام رێگە نەدراوە ئاسایش و پۆلیسی کەرکووک لێکۆڵینەوە لەو کەیسە بکەن، ئەمەش لە پێناو دروستنەبوونی گرژی و زیان گەیاندن بە رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان".

پێشتر رێکەوت سلێمان، برای گەنجە کوژراوەکە کە کارمەندی ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە کەرکووک رایگەیاندبوو:" بارزان لەژێر ئەشکەندان گیانی لە دەستداوە، چەند رۆژێک پێش ئێستا ئاسایشی یەکێتی دەستگیری کرد،‌ بۆیە ئەوان ئاسایش بە تۆمەتباری کوشتنی براکەیان دەزانن".

رێکەوت سلێمان گوتیشی "لەلایەن ئاسایشی یەکێتییەوە بردراوە، ئەو ئەشکەنجەدانەی ئەو برایەمی پێ ئەشکەنجە دراوە خراپترین ئەشکەنجەدانە، خۆم لە دەزگایەکی ھاوشێوەم تیرۆریستمان بە ماددەی چواری تیرۆر گرتووە، بەو شێوەیە ئەشکەنجەمان نەداوە".

لەبەرامبەردا عەمید سمکۆ مەحموود، گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووکی یەکێتی، رەتیکردەوە ئەو گەنجە لەلایەن ئەوانەوە کوژرابێت و بە رووداوی گوت "لەسەر ئازادی رادەربڕین ھیچ کەسێک دەستگیر ناکەین".

گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووکی یەکێتی نکۆڵی لەوە نەکرد کە لەماوەی رابردوودا بۆ چەند کاژێرێک ئەو گەنجەیان دەستگیرکردووە، بەڵام وەک خۆی گوتی "لەسەر ئازادی رادەبڕین نەبووە".


rudaw
Top