هیندستان کونسوڵخانەی گشتی لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە
فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاندووە، کە سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، ”بەردەوام دەبین لە بونیادنانی پەیوەندییە نیودەڵەتییەکان“.
فەلاح مستەفا هەروەها نووسیویەتی، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵە بە دەست بەکار بوونی دیپەک میگلانی، وەک کونسوڵی گشتیی هیندستان لە شاری هەولێری پایتەختی کوردستانی باشوور، کە رۆژی سێشەممە 16ـی ئابی 2016 وەک کونسوڵی گشتیی وڵاتەکەی لە هەولێر دەست بەکار بوو.
سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی حکوومەتی عێراق لە رووی دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروستی دەکات، ئێستا 19 کونسوڵخانەی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی کوردستاندا هەن، وێڕای 18 کونسوڵگەریی فەخری و نووسینگەی پەیوەندیی وـلاتان و رێکخراوە جیهانییەکان.
