فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داعش بە چەکی قورسەوە هێرشی کردە سەر شنگال

 فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داعش بە چەکی قورسەوە هێرشی کردە سەر شنگال
فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش بە چەکی قورسەوە هێرشیان کردە سەر شاری شنگال.

عەمید ھەکار موحسین، فەرماندەی لەشکری تایبەتی دوو لە شنگال رایگەیاند، ھێرشەکەی داعش بۆ سەر شنگال بۆ بەرزکردنەوەی ورەی ڕووخاوی چەکدارەکانی بوو، بەتایبەتی کە بەهۆی شکستەکانیان لە ھێرشەکانی پێشمەرگە لە گوێڕ و خازر، ورەی چەکدارەکانیان بە تەواوی رووخابوو.

ئەو فەرماندەیە ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەو ھێرشەدا داعش چەکی قورسی بەکارھێناوە و ”دەیویست بە خەڵک بڵێت ھێشتا توانای ھێرشکردنە سەر پێشمەرگەیان ماوە".

بە گوتەی عەمید هەکار موحسین، ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش لەو هێرشەدا کوژران، کە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 16ـی ئابی 2016 لە چەند قۆڵێکەوە کردیانە سەر میحوەری رۆژهەڵاتی شنگال.

لە رۆژانی یەکشەممە 14ـی ئابی 2016 و دووشەممە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بۆ رزگار کردنەوەی گوندەکانی رۆژهەڵاتی مووسڵ، ئەنجام دا و داعشیان تووشی شکستێکی گەورە کرد.

پلانی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ رزگار کردنەوەی 11 گوند بوو لە سنووری هەردوو میحوەری خازر و گوێڕ و توانرا هەموویا گوندەکان رزگار بکرێنەوە و پێشمەرگە زیاتر لە 120 کیلۆمەتر دووجای رزگار کردەوە.

چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.









باسنیوز
Top