چۆمان.. سەدان پارچە تەقەمەنی و مینی نەتەقاوە لەناو بران
زێبار خالید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مینی هەولێر، ڕایگەیاند: "لە درێژەی هەوڵەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مینی هەولێر، بۆ لەناوبردن و پاككردنەوەی ناوچەكانی سنووری پارێزگای هەولێر لە مین و پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی و پاراستنی سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان، تیمی لەناوبردنی تەقەمەنییە نەتەقاوەكان لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، دەست کرا بە لەناوبردنی زیاتر لە 405، مین و پارچە تەقەمەنیی نەتەقاوە كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەعسی لە ناوچوو و شەڕی عێراق و ئێران".
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كاروباری مینی هەولێر، ئەوەشی ڕوون کردەوە "لە چاڵێكدا كە دەكەوێتە چیای بەردەبووك لە سنووری شاردەێی سمیلانی سەر بە شارۆچكەی چۆمان، ئەو مادانە بە سەركەوتوویی لەناو براون، بڕەكەش زیاتر لە 180 مین و 220 پارچە لە تەقەمەنی نەتەقاوە لە جۆرەكانی گوللە هاوەن، تۆپ و ئارپیجی بوون."
زێبار خالید، گوتیشی: "بە لەناوبردنی ئەو مین و پارچە تەقەمەنییانە وێڕای ئەوەی ژینگە و سروشتی جوانی كوردستان پاك دەكرێتەوە و دەپارێزرێت، لە هەمان كاتیشدا هاووڵاتیانیش ژیانیان لە مەترسیی ئەو پاشماوە جەنگیانە دەپارێزرێت و هەوڵەكانیش لەم ڕووەوە بەردەوام دەبن".
باسنیوز
