میری کوێت شاندێک دەنێرێتە هەرێمی کوردستان

 میری کوێت شاندێک دەنێرێتە هەرێمی کوردستان
میری کوێت شاندێک دەنێرێتە هەرێمی کوردستان و شاندەکە بە یاوەریی کونسوڵی کوێت، لەگەڵ وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پەروەردە، رۆژی سێشەممە 16ـی ئابی 2016، پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە لەگەڵ شاندێکی کوێتی بە سەرۆکایەتیی د. عومەر ئەحمەد ئەلکیندەری، کونسوڵی کوێت لە هەولێر کۆ بووەتەوە، کە لەلایەن میر سەباح ئەحمەد جابر سەباح، میری کوێتەوە راسپێردرابوون.

د. عومەر ئەحمەد ئەلکیندەری لە کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی کردووە و بە ”زۆر پێشکەوتوو“ی داناوە، هاوکات رایگەیاندووە، کویت لەهەموو رووەکانەوە هەوڵ دەدات هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات، بە تایبەت لە رووی پەروەردە و هاوکاریکردنی ئاوارەکانەوە.

کونسوڵی کوێت ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ڕووی پەروەردەییەوە وڵاتەکەی سەرقاڵی چەند پڕۆژەیەکە لە کوردستانی باشوور و کوێت چ بە دروستکردنی پەیوەندی و ڕەھەندی فەرھەنگییەوە و چ لە ڕووی پەروەردەییەوە، ”ھاوکار و پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبین و ئەم پەیوەندییە تا پتەوتر بێت، سوودی زیاتری بۆ ھەردوولا دەبێت“.

شاندەکەی کوێت، کە شاندی رێکخراوی خێرخوازیی کوێتییە و لەسەر فەرمانی میر سەباح ئەحمەد جابر سەباح هاتوونەتە کوردستان، لە چوار بواردا هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە بابەتەکانی پەروەردە، تەندروستی، خۆراک و جلوبەرگ دەگرێتەوە.

لە کۆ بوونەوەکەدا، پشتیوان سادق باسی قەیران دارایی هەرێمی کوردستانی کردووە و تیشکی خستووەتە کاریگەرییە نەرێنییەکانی قەیرانەکە لەسەر کەرتی پەروەردە و رایەگیاندووە، ”ئێستا ھەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی دوو هەزار قوتابخانە ھەیە، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی چەندین پڕۆژەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان وەستاوە“.

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواستووە وڵاتی کوێت هاوکاری هەرێمی کوردستان بێت لە تەواوکردنی ئەم پڕۆژانە، دروستکردنی قوتابخانەی نوێ، چاپی کتێب و دابینکردنی پێداویستی پەروەردەیی و ئاماژەی بەوە کردووە، کە نەوەی داھاتووی کورد ئەو ھاوکاری و یارمەتییەی حکومەتی کوێت لەبیر ناکەن.









باسنیوز
Top