"سیاسەتی پەیەدە خزمەت بە كەس ناكات.. سوكایەتی بە ئاڵا شكاندنی حورمەتی گەلە"

گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، رەخنە لە سیاسەتی پەیەدە دەگرێت بەوەی نەیتوانیوە بڕیاری سیاسی لە دەست خۆی بێت و، مەترسیی بەردەوامبوونی سیاسەتی پەیەدەیش دەخاتە ڕوو.

(د. عەبدوڵڵا وەرتی)، رایگەیاند: "هەر كەس و لایەنێك سوكایەتی بە ئاڵای كوردستان بكات، سوكایەتیكردنە بە هەست و نەستی خەڵكی هەر چوار پارچەی كوردستان، ئەگەر كورد بن ئەوە بێڕێزی بە خودی خۆیشیان دەكەن و شكاندنی ڕێز و حورمەتی گەلەكەی خۆیانە".

(وەرتی) گوتیشی: " پەیەدە پێویستی بەوەیە كە ئاشتەوایی نیشتیمانی لە ڕۆژئاوای كوردستان بەرقەرار بكات و دەست نەبەن بۆ هیچ هێز و لایەنێكی سیاسی كوردستان، بەڵكو بەیەكەوە خەبات بكەن لە پێناوی گەییشتن بە مافە رەواكانی گەلی كوردستان، بۆیە سیاسەتی دەركردن و پەراوێزخستن و گرتنی سەركردەكان خزمەتی ڕۆژئاوای كوردستان و ئاشتەوایی نیشتیمانی ناكات".

(د. عەبدوڵڵا وەرتی) دەشڵێ: "دەبێت پەیەدە پێداچوونەوەیەك بە خۆیدا بكاتەوە لە چۆنیەتیی مامەڵەكردن و هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ هێزەكانی ڕۆژئاوای كوردستاندا، چونكە ئەوانیش خەبات بۆ ڕزگاریی نیشتیمانیی كوردستان دەكەن، بۆیە بە راستی پێمان وایە ئەو نەفەسە تەسكەی لە ڕۆژئاوای كوردستان مامەڵەی پێ لەگەڵ هەندێك هێز و لایەنی سیاسیدا دەكرێت، كارێكی خراپە".

گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ده‌شڵێت، دەبێت پەیەدە سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، بڕیار لەدەستی خۆیدا بێت و گرێدراوی هیچ هێز و لایەنێكی سیاسی نەبێت، تایبەتمەندیی ڕۆژئاوای كوردستانیش لە بەرچاو بگرێت هەم لەگەڵ سووریا و هەم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، چونكە ئەو جۆرە سیاسەتە لە ڕۆژئاوا خزمەت بە كەس ناكات.










KDP
Top