مەسرور بارزانی بۆ یادی 16ـی ئاب: هیوادارم بە سەربەخۆیی کوردستان شاد بین
مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات کوڕی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتییە، پەیامێکی لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دلنیایی خۆی نیشان دەدات لەوەی بە رابەرایەتیی مەسعود بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان ”بەھێزتر لە جاران لە تێکۆشان بۆ بەدەست ھێنانی ماف و سەرکەوتنی زیاتر بۆ گەلەکەمان بەردەوام دەبێت“.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا، پیرۆزبایی یادی 70 ساڵەی لەدایکبوون لە باوکی دەکات و هیواداریشە بۆ ئاسودەیی رۆحی شەهیدان، هیوا دەخوازێت ”بە سەربەخۆیی کوردستان شاد بین“.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات سەرۆکی پارتییە، لە رۆژی 16ـی ئابی 1946، لەژێر سایەی ئاڵای کوردستان و لە شاری مەهابادی پایتەختی کۆماری کوردستان لە دایک بووە.
لە هەمان رۆژدا، پارتی بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی، رابەری شۆڕشی ئەیلولی گەلی کوردستان، دامەزرا.
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:
باوکی خۆشەویست و ئازیزترین کەس و سەرۆک و پێشمەرگەی کوردستان، بە بۆنەی سالرۆژی لە دایکبوونی جەنابت و یادی 70 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، وێرای ھیوای تەمەندرێژی بۆتان، لە خوای گەورە دەپارێمەوە ھەمیشە پارێزراو و سەرکەوتوو بن .
پیرۆزبایی سەرکەوتنی پێشمەرگە قارەمانەکانتان لێ دەکەم. خۆم بە سەربەرز و سەرفراز دەبینم کە وەک زۆرێک لە پێشمەرگە و کادیران ، لە خزمەت بەرێزتان فێری کوردایەتی و خەبات و تێکۆشان و کۆڵنەدان بووین. شانازیتان پێ دەکەم کە بە ھەموو تەمەنی خۆتان خزمەتی کوردستانتان کردووە. تا ماوم خۆم بە قەرزداری دڵپاکی و دڵفراوانی و دڵسۆزی و گەورەیی بەرێزتان دەزانم.
لەم رۆژەدا کە یادی 70 سال خەبات و قوربانیدانی پارتی دەکەینەوە ، دڵنیام بە رابەرایەتی بەرێزتان پارتی دیموکراتی کورستان بەھێزتر لە جاران لە تێکۆشان بۆ بەدەست ھێنانی ماف و سەرکەوتنی زیاتر بۆ گەلەکەمان بەردەوام دەبێت.
ھیوادارم بۆ ئەوەی روحی بەرزەفڕی شەھیدان ئاسوودە بێت و رەنج و تێکۆشان و خۆراگریی گەلەکەمان بە فیڕۆ نەچێت، بە سەرۆکایەتی جەنابتان ھەرچی زووتر ئامانجی لە مێژینەی گەلەکەمان بێتە دی و بە سەربەخۆیی کوردستان شاد بین.
مەسرور بارزانی
16/8/2016
