شەڕی دوو رۆژەی پێشمەرگە دژی داعش

شەڕی دوو رۆژەی پێشمەرگە دژی داعش
دوای دوو رۆژ شەڕكردن دژی داعش لە میحوەرەكانی خارز و گوێڕ-مەخموور هێزەكانی پێشمەرگە 10 گوندیان لەو دوو میحوەرە كۆنترۆڵكردەوە.

لە كاژێر 5ی بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە 14-8-2016 پەیامنێرانی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە بەرەو بەرەكانی شەڕ بەڕێكەوتن.

مەنسوور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵان پێش دەستپێکردنی شەڕەکە گوتی "داعش ئەمڕۆ هەڵدێت و بەرگەی هێزی پێشمەرگە ناگرێت".

لەسەر زەوی پێشمەرگە و لە ئاسمانەوە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان هێرشیان كردە سەر داعش، بەو جۆرەش داعش لەماوەی یەك رۆژدا بەدرێژایی نزیكەی 20 كیلۆمەتر پاشەكشەی كرد.

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكانی رووداو چەند چەكدارێكی داعش لەنێو گوندی کەنهەشی گەورە کوژران و تەرمەکانیان کەوتووەتە دەست پێشمەرگە.

فەرماندەکانی پێشمەرگە دەڵێن، ئەوەی لەبیری داعش نەبوو، گرتنی ئەو ناوچەیەبوو لەلایەن پێشمەرگەوە، کە 150 کیلۆمەتر دووجایە.
بەرپرسی میحوەری مەخمووری هێزەكانی پێشمەرگە بە رووداوی گوت "داعش پێیوابوو دەتوانێت لەم ناوچەیە بەرگریی و بكات پێشمەرگەش ناتوانێت بەو خێراییە كۆنترۆڵی بكاتەوە".

نەجات عەلی، بەرپرسی میحوەری مەخمووری هێزەكانی پێشمەرگە باسی فەرمانێکی نەبیستراوی بارزانی دەکەن لە شەڕی دژی داعش دەكات و دەشڵێت، بە وردی بەردەوام چاودێری شەڕ دەكات.

نەجات عەلی لەبارەی رۆڵی بارزانی لە شەڕەكان دەشڵێت "بەردەوام لەسەر خەتە، موتابەعە دەكات. ئەگەر قەناسێك هەبێت دەڵێت، بۆ تەواو نەبووە. بۆ نموونە دوێنێ لە ئەبزەخ قەناسێك هەبوو، پەیوەندی كرد و گوتی بۆچی ئەو قەناسە تەواو نەبووە، منیش گوتم ئێستا تەواو بووە".

بە كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانە هەنگاوەکان بۆ شەڕی موسڵ، کە ئێستا پێشمەرگە لە قوڵی خازرەوە تەنیا 47 کیلۆمەتر لێی دوورە، نزیکبووەتەوە. لەو شەڕەدا پێشمەرگە درێژایی 21 كیلۆمەتری کۆنترۆڵکردەوە، کە دەکاتە نیوەی رێگای موسڵی بڕی. بە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچەیە ئیدی سێ دەرگای سەرەکی مۆسڵ کەوتنە ژێر دەستی پێشمەرگە.

Top