مەکتەبی سیاسی پارتی بانگەوازێک ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان دەكات

مەکتەبی سیاسی پارتی بانگەوازێک ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان دەكات
مەکتەبی سیاسی پارتی لە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەكەی بانگەوازێک ئاراستەی لایەنە کوردستانییەکان دەکات و دەڵێت "گەلەکۆمەکێ لێکدی، بێ ئاکامە و تەنیا لیکترازانی نێوماڵی کورد لێدەکەوێتەوە".

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 15-8-2016 مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی یتدە 70 ساڵەی دامەزرانی حیزبەکەی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەی پارتی جگە لە باسکردنی مێژووی قۆناخە جیاجیاکانی ژیانی سیاستی پارتی، رایگەیاندووە "کورد ھەموو رێگایەکی ھاوژیانی لەگەڵ عێراق تاقیکردووەتەوە و ھەر ھەمووی بێ ئاکام بووە. کورد و ھێزە سیاسییەکانی ھەرچییان لە توانادا بووە بۆ ھێنانەدی عێراقێکی نوێی دیموکراتی دوور لە خۆسەپاندن و نکۆڵیکاری و کوشت و بڕ، درێغییان نەکردووە و بەڵام دواجار ئەو عێراقە ھەر نەھاتەدی".

مەکتەبی سیاسی پارتی دەشڵێت "لە عێراقی نوێدا کوردستان نەک ھەر نەپارێزرا، بەڵکو لە شەڕی داعشدا دووبارە تووشی جینۆساید بووینەوە و دەسەڵاتدارانی بەغدا تاوەكو بۆیان کرا ئەرکی پێشمەرگەیان سەختکرد و پاروەنانی خەڵکی کوردستانیان بڕی و ھەڕەشەشیان لێ کردین".

مەکتەبی سیاسی پارتی لە بەشێکی بەیناننامەکە باسی بەکارھێنانی چەک لە پرسی سەربەخۆی کوردستان دەکات و دەڵێت "پارتیمان بە درێژایی کاروانی خەبات، تاوەكو رێگەی دانووستان و خەباتی سیاسی فەراھەم بووبێت، پەنای بۆ چەک نەبردووە، لەم قۆناغەشدا بە ھەمان پرنسیپ کار بۆ داخوازی رەوای گەلەکەمان دەکات. باوەڕی وایە کە بڕیاری گەلی کوردستان بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی دەبێ بە تەفاھوم لەگەڵ بەغدا و لێکگەیشتن لەگەڵ دەر و جیران و بە شێوازی ئاشتییانە پراکتیزە بکرێت، دوور لە گرژی و شەڕ و ئاشووب".

مەکتەبی سیاسی پارتی بانگەوازێک ئاراستەی لاینە سیاسییەکانی باشووری كوردستان دەکات، کە "بە ھاوخەباتی ھەنگاو بنێن بەرەوە گشتپرسی و دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان". ئاماژە بەوەشدەکات "ھەموو لایەنێک لە پێناو ئەو ئامانجە مەزنە قوربانیانداوە خەبایتان بۆ کردووە".

لە بارەی قەیرانە نێوخۆییەکانی باشووری کوردستانیش مەکتەبی سیاسی پارتی داوا دەکات "کێشە و ناکۆکییە نێوخۆییەکان بە گفتوگۆ و دانوستان چارەسەر بکەین؛ بەتایبەت پاش ئەوەی بۆ ھەموو لایەکمان رونبووەوە کە ژێرپێنانی پرەنسیپی سازان و لێکتێگەیشتن، ھەوڵی سڕینەوە و پەراوێزخستن و قۆڵبادان و گەلەکۆمەکێ لێکدی؛ بێ ئاکامە و تەنیا لیکترازانی نێوماڵی کورد و سەرقاڵبوون بە کێشەی لاوەکی و دواخستنی ئەرکە نەتەوەییە نیشتمانییە چارەنوسسازەکانمانی لێ شین دەبێت، ئەوەش بە زیان بۆ یەک بە یەکمان و بە زیان بۆ گەلی کوردستان تەواو دەبێ و ھیچمان لە ململانێیەکی ناوەخت و بەرچاوتەنگی لەو جۆرەدا دەسکەوتێک ناچنینەوە".

Top