"پێناسەی پارتی، كوردایەتی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردییە"

پارتی دیموكراتی كوردستان لە 16ـی ئابی 1946 دامەزرا و یەكەم كۆنگرەی خۆی لە بەغدا بەست، بە گوتەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان پەیامی پارتی هەموو كاتێك وزە و هێزی نوێ دەخاتە جەستەی نەوەی نوێوە و، ئامانجی پارتی كوردایەتی و ڕزگاركردنی كوردستان بووە.

(حادێ ئیسماعیل) پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، گوتی: "پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ داكۆكی دەكات لە ئامانج و خەونەكانی میللەتی كورد، تا ئێستا بە چەندین هەوراز و نشێو و ڕێگای جیای خەباتكردنی تێپەڕاندووە، هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بەرهەمی پارتی بوون، كە ئەو دوو شۆڕشە بۆ گەلی كورد زۆر گرینگ و پێویست بوون، شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشێكی كاریگەر بوو و توانی حكوومەتی عێراق ناچار بە دانوستان بكات، كە ئەنجام حوكمی خۆبەڕێوەبەری بۆ كوردانی كوردستانی باشوور لێ كەوتەوە".

گوتیشی: "سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وای كرد كە وڵاتانی بەهێزی جیهان پشتیوانی بۆ كوردستان دەرببڕن، یارمەتیی مرۆیی و سەربازی پێشكەشی كوردستان دەكەن، لە پێناو خاكی كوردستاندا هێزی پێشمەرگە و خەڵكی بەئەمەكی كوردستان ئێستا لە بەرەكانی جەنگن".

(ڕزگار سادق) رۆشنبیر و كەسایەتیی سۆران، دەڵێ: "دروشمەكانی پارتی بەپێی قۆناغ و هەلومەرجی سیاسی بەرز كراونەتەوە، پارتی لە ڕووی نەتەوەییەوە گرەوی لە هەموو هێزە سیاسییەكانی دیكە بردووەتەوە، هەمیشە خەونی پارتی سەربەخۆیی بووە، ستراتیژی پارتی بە پێی قۆناغ هەنگاوی ناوە و دواقۆناغیشی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردییە، بۆیە من وا دەبینم جگە لە پارتی هیچ هێزێكی دیكە نیە ئەو قۆرساییە مێژوویە هەڵبگرێت".

ئەو زیاتر گوتی: "(سەرۆك بارزانی) یەكەم كەس بوو داوای هەڵبژاردنی كرد، بۆ ئەوەی پەرلەمان دروست بێت، لە ڕێگەی پەرلەمانیشەوە حكوومەت پێك بێت، یەكەم كەس بوو ئەو ئاڵایەی هەڵگرت، ئێستایش بەڕێوەی دەبات، پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبێك نەبوو، تەنیا سەرقاڵی كاری حزبی بووبێت، بەڵكو لە رابردوو و ئێستایشدا ئامانجی پارتی كوردایەتی و ڕزگاركردنی كوردستان بووە، لە سایەی خەبات و سیاسەتی پارتی، گەلی كورد گەییشت بە مافەكانی و، بۆخۆی خۆی بە تەنیا بەڕێوە دەبات، ئێستایش بەرەو سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی هەنگاو دەنێت، هەروەها سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆكی هەرێم، وای لە وڵاتانی جیهان كرد، پشتیوانی و پشتگیری بۆ هەرێمی كوردستان دەرببڕن، یارمەتیی مرۆیی و سەربازی پێشكەشی كوردستان بكەن و پشتگیری لە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی بكەن".

(موسلیح جەلیل) رۆژنامەنووس، رایگەیاند: "دروشمەكانی پارتی بە پێی قۆناغ و هەلومەرجی سیاسیی گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، پارتی باوەڕی بە فرەیی ئایین و دیموكراسی هەیە، پارتی لە رووی نەتەوەییەوە گرەوی لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان بردووەتەوە، هەمیشە خەونی پارتی سەربەخۆیی بووە، هیوادارم پارتی و هەموو حزبەكانی دیكە، كوردستان لەم تەنگژەیەی كە ئێستا تێی كەوتووە، دەرباز بكەن و بەرەو ئامانجە باڵاكانی دیكە هەنگاو بنێین".

ئەویشی گوت: "لە كاتی دامەزراندنییەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵی داوە ببێتە چەترێك كە هەموو بیروباوەڕ و بیروبۆچوونەكان كۆ بكاتەوە، كە یەكێك لە خاڵی بەهێزی پارتی ئەوەیە، هیچ كاتێك خۆی بە خاوەنی تەنیا ئایدلۆژیایەك دانەناوە، بەڵكو پێناسەی پارتی كوردایەتییە، ئامانجی سەرەكیی پارتییش دامەزراندنی دەوڵەتی كوردییە بۆ هەموو نەتەوەكان، پارتی توانیویەتی هەموو بیروبۆچوونە جیاكان كۆ بكاتەوە".










KDP
Top