”نەوشیروان مستەفا و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە کەبابخواردن و بارزانیش لە بەرەکانی شەڕە“

 ”نەوشیروان مستەفا و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە کەبابخواردن و بارزانیش لە بەرەکانی شەڕە“
ڕۆژنامەنووسێک ڕایگەیاند، لە کاتێکدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە لە میحوەرەکانی گوێڕ و خازر دەکات، نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و هاوسەری جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی، خەریکی کەبابخواردنن.

ئەمڕۆ دووشەممە 15\8\2016، جەمال عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی، لەبارەی کەبابخواردنەکەی نەوشیروان مستەفا و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە بازاڕێکی ناو شاری سلێمانی، ڕایگەیاند: “ لەم دوو ڕۆژەی شەڕی داعشدا لە گوێڕ و خازر، دەبووایە نەوشیروان مستەفا دەستپێشخەری بکردبایە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لەبەرەکانی جەنگ بووایە و یارمەتیدەری باشی بارزانی بووایە لە سەرکردایەتی کردنی ئەو شەڕە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، کە ئەگەر ئەم پێشنیارەی بکردبایە، دڵنیام بارزانی ڕەتی نەدەکردەوە”.

ڕۆژنامەنووسەکە ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هەرچەندە ئەگەر نەوشیروان مستەفا ئەو کارەی بکردایە، سەرەتایەکی باش دەبوو بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەکان لە نێوان گۆڕان و پارتی دیموکراتیی کوردستان، بەڵام ئەو کارەی نەکردووە و وەک دەبیندرێت، نەوشیروان مستەفا لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، خەریکی کەبابخواردنن و بارزانیش لە بەرەکانی جەنگە و سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکەی پێشمەرگە دەکات.

ڕۆژنامەنووسەکە ئەوەشی ڕوون کردەوە: “ئەو کەبابەی نەوشیروان مستەفا و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد خواردیان، عافیەتیان بێت، بەڵام لەم دۆخە هەق وابوو، گۆشتەکە بۆ بەرەکانی جەنگ ببەن و لەگەڵ ئەو پێشمەرگانە کەبابەکەیان بخواردایە کە بەرگری لە کوردستان دەکەن”.

دووپاتیشی کردەوە، ئەگەر پێشمەرگە نەبێت، “ئەوان بە ئاسانی ناتوانن لەناو بازاڕ کەباب بخۆن”.










باسنیوز
Top