كوردستانیان: پارتی ٧٠ ساڵە پێگەی كوردستان بەهێز دەكات
(ڕزگار كیستەیی) دانیشتووی شاری دهۆك گوتی: "70 ساڵ لەمەوبەر گۆڕانكارییەكی گەورە لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستاندا دروست بوو، پێش دامەزراندنی پارتی بزاڤ لە كوردستان و پارچەكانی تر هەبووە، بەڵام بەشی زۆری ئەو بزاڤانە ڕێكنەخراو بوون. سەركردەیەك یان ڕێكخستنێك نەبوو بەردەوامی بەو بزاڤانە بدات. لە 16ـی ئابی 1946ــدا كە پارتی دیموكراتی كوردستان هاتە دامەزراندن، بە تەواوەتی چیرۆكی گەلی كوردستان و مێژووی سیاسی بردە قوناغێكی پێشكەوتووەوە. لەبەر ئەوە ئەگەر ئێمە سەیری بكەین لە ماوەی ئەو 70 ساڵەدا شۆڕشی گەلی كورد تووشی گەلێك شكست بووە، بەڵام لەناو نەچووە و هەموو جارێ دوای ساڵێك یان پاش چەند ساڵ دیسان ژیاوەتەوە؛ دامەزراندنی پارتییش بناغەیێكی توكمەی دروست كرد بە شێوەیەكی زنجیرەیی. ئەگەر سەیری بكەین لە كۆماری كوردستانەوە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و سەرهەرڵدانی 1991 و هێرشی تیروریستان بۆ سەر كوردستان ئەمانە هەمووی بوو بە ئەڵقەیەك لە مێژووی كوردستاندا."
(كێستەیی) گوتیشی: "پارتی بووە هۆی گرێدانی ئەم ئەڵقانە تا خەباتەكە بەردەوام بێت و بەرەوپێشی ببات. ئەمە وەكو قوتابخانەیەكی لێ هات و لایەنەكای تریش چاویان لە پارتی كرد. بە بڕوای من 16ـی ئاب نەك بۆ ئەندامانی پارتی بە تەنیا، بەڵكە بۆ هەموو گەلی كورستان لە تەواوی پارچەكانی تری كوردستان بیرەورییەكی زۆر پیرۆزە؛ چونكە هەموو مێژووی كوردستانی گۆڕی. ئەگەر ئەمڕۆیش سەیری بكەین بە سەرۆكایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەردەم قوناغێكی گرینگداین لە مێژووی گەلی كورددا و هیچ كاتیش دەرفەتی وا نەهاتووەتە پێشەوە؛ ئەم دەرفەتەیش لە خۆوە نەهاتووە؛ بەرهەمی زنجیرەی ئەو شۆڕشانە بووە كە هەموویان بە سەرۆكایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. لە هەمووی گرینگتر كە ڕاستی دەسەلمێنێت تەنیا پارتی بە سەرۆكایەتیی (بارزانی) لە هەموو پارچەكانی كوردستان خەباتی ڕزگاركردنی كوردستانی دەست پێ كردووە كە شانازی پێوە دەكا؛ ئێستایش كورد هێزی یەكەمە كە توانییان داعش بشكێنن، لە هەمان كاتدا ئەم پارتە سەركێشیی سەربەخۆبوونی كوردستان دەكات؛ سەرەڕای ئەمە كە لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان دژایەتیی ئەم پرسە دەكەن، بەڵام پارتی و (بارزانی) بە ئیرادەیەكی پوڵایینەوە كار بۆ بەدیهاتنی ئەم خەونە لەمێژینەیە دەكەن."
(ڕزگار خۆشناو) دانیشتووی باڵەكایەتی دەڵێ: "16ـی ئاب ئەو ڕۆژە مێژووییەیە كە تێیدا (سەرۆك بارزانی) لەدایك بوو، هەروەها لەم ڕۆژەدا بە سەرۆكایەتیی (مستەفا بارزانی نەمر) پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرا. دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو ڕۆژەدا، وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو؛ چونكە حكوومەتەكانی ئێران و عێراق بە هاوبەشی دەستیان كردبووە دژایەتیكردنی جووڵانەوەی كورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە توانییان كۆماری مەهاباد بڕووخێنن و (قازی محەممەد) لە سێدارە بدەن".
(خۆشناو) گوتیشی: "هەر لەو ڕۆژەدا چەند سیاسەتمەدارێكی كورد بە سەرۆكایەتیی (بارزانی)، پارتی دیموكراتی كوردیان ڕاگەیاند؛ دواییش ناویان نا پارتی دیموكراتی كوردستانی یەكگرتوو؛ پاشان بوو بە پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق."
16ـی ئاب ڕۆژیكی مێژووییە لە دیرۆكی میللەتی كورددا و سەركەوتنێكی تری هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، چونكە ئەوكات هێزی پیشمەرگە كۆڵی نەدا بۆ دژمن و نەهاتە ژێر ویست و داخوازیی حكوومەتی عێراقەوە، ئەو حزبەی كە ماوەی حەفتا ساڵە لە خەبات و قوربانیدان بەردەوامە؛ پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم بەرهەمی ئەو ڕۆژەن كە بە خوێنی سەدان ڕۆڵەی ئەو نیشتمانە هاتوونەتە دی و، پارتی خۆی بە بەرگریكاری ئەو دەستكەوتانە دەزانێت."
(سیروان گەردی)ـیش كە دانیشتووی هەولێرە، ئاماژە دەدات: "بە بۆنەی ١٦ـی ئاب، ساڵیادی لەدایكبوونی (سەرۆك بارزانی) و پارتی دیموكراتی كوردستان، پیرۆزبایی لە هەموو لایەك دەكەم. بە هیوام پارتی لە ئایندەدا بتوانێ زیاتر لەگەڵ خەڵك تێكەڵ بێت، بڕواشم وایە ساڵی دابێ خوێنی گەنجی زیاتر دەخاتە نێو جەستەی پارتییەوە و بەهێزتری دەكات".
KDP
