ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا بۆ دووەم جار خالید عوبێدی وەزیری بەرگی عێراق بۆ لێپرسینەوە لەبەردەم پەرلەمان ئامادە دەبێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە دانیشتنی سەرەتای ئەم مانگەدا عوبێدی، سەرۆکی پەرلەمان و چەند پەرلەمانتارێکی بە گەندەڵی تۆمەتبارکرد و دواتر دادگا بڕیاری بێ تاوانی سەرۆکی پەرلەمانی دەرکرد.
ھاوکات ھەر لە دانیشتنەکەدا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناوی وەزیری نوێی حکومەتەکەی دەخاتە بەردەم پەرلەمان.
بەپێی ئەو نوسراوەی ئەنجومەنی وەزیران کە دوێنێ یەکشەممە ئاراستەی پەرلەمانی عێراقی کردووە وەزیرەکان بریتین لە "عەبدولڕەزاق عەبدولجەلیل وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، حەسەن جەنابی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، جەبار لعێبی وەزیری نەوت، کازم حەمامی وەزیری گواستنەوە، ئان ئەوسی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، یوسف ئەسەدی وەزیری بازرگانی".
ھاوکات ھەر لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا گفتوگۆ لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی و ڕیشەکێشکردنی حزبی بەعس دەکرێت.
