فەرماندەی لەشکری گوڵان ژمارەی چەکدارە کوژراوەکانی داعش ئاشکرا دەکات

 فەرماندەی لەشکری گوڵان ژمارەی چەکدارە کوژراوەکانی داعش ئاشکرا دەکات
فەرماندەی لەشکری گولان ژمارەی چەکدارە کوژراوەکانی رێکخراوی توندڕەوی داعش ئاشکرا دەکات.



رۆژی دووشەممە 15ـی ئابی 2016، مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکری گوڵانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، کە ئەوان چاوەڕێی فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان دەکەن بۆ پێشڕەویی زیاتر.



مەنسور بارزانی هەروەها رایگەیاند، کە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە و زیانێکی زۆریان بە چەکدارانی داعش گەیاندووە و تاوەکو ئێستاش ”زیاتر لە 130 چەکداری داعش کوژراون“.



رۆژی دووشەممە 15ـی ئابی 2016، ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام بوو و هەموو ئەو گوندانەی پلانیان بۆ دانرابوو رزگار بکرێن، رزگار کرابوونەوە و پێشمەرگە زیاتر لە 120 کیلۆمەتر دووجای رزگار کردەوە و زیاتر لە 20 کیلۆمەتریش پێشڕەوی کردووە.



لە رۆژی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، گوندەکانی کەنهەشی بچووک، کەنهەشی گەورە، حاسوودە، شەنەف و ئۆمەرمەندان رزگار کراونەتەوە، وێڕای رزگار کردنەوەی رێگای سەرەکیی نێوان گوێڕ و مووسڵ.



سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 14ـی ئابی 2016، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری میحوەرەکانی خازر و گوێڕ هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی توندڕەوی داعش.



ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان ئەنجام درا و ئامانج لێی ئازاد کردنەوەی 11 گوندە لە هەردوو سنوورەکە.



لە یەکەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، شەش گوند رزگار کرانەوە و سەدان چەکداری داعشیش کوژران و بریندار بوون.



چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.





باسنیوز
Top