پێشمەرگە 120 کیلۆمەتر دووجا رزگار دەکاتەوە

 پێشمەرگە 120 کیلۆمەتر دووجا رزگار دەکاتەوە
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان زیاتر لە 120 کیلۆمەتر دووجایان لە سنووری لە رۆژهەڵاتی مووسڵ، رزگار کردووەتەوە.



رۆژی دووشەممە 15ـی ئابی 2016، بۆ ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام بوو و هەموو ئەو گوندانەی پلانیان بۆ دانرابوو رزگار بکرێن، رزگار کرابوونەوە.



لە رۆژی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، گوندەکانی کەنهەشی بچووک، کەنهەشی گەورە، حاسوودە، شەنەف و ئۆمەرمەندان رزگار کراونەتەوە، وێڕای رزگار کردنەوەی رێگای سەرەکیی نێوان گوێڕ و مووسڵ.



سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 14ـی ئابی 2016، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری میحوەرەکانی خازر و گوێڕ هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی توندڕەوی داعش.



ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئامانج لێی ئازاد کردنەوەی 11 گوندە لە هەردوو سنوورەکە.



لە یەکەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، شەش گوند رزگار کرانەوە و سەدان چەکداری داعشیش کوژران و بریندار بوون.



چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.






باسنیوز
Top