بارزانی بەرەکانی شەڕ لە خازر بەسەردەکاتەوە

بارزانی بەرەکانی شەڕ لە خازر بەسەردەکاتەوە
مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر بەسەر دەكاتەوە و، لەگەڵ پێشمەرگە و فەرماندەكانی میحوەری خازر و گوێڕ-مەخموور كۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەكشەممە14-8-2016 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی شەڕ لە میحوەری خازر و سەرپەرشتیكردنی ئۆپەراسیۆن و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەو میحوەرەدا، سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كردووە.

لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە "بارزانی سەنگەر و بارەگاكانی پێشمەرگەی لە هێڵی پێشەوەی بەرەكانی شەڕ بەسەركردەوە و هەواڵی بارودۆخ و گوزەرانی پێشمەرگەی لە میحوەری خازر پرسی".

ئاماژە بەوەشكراوە، بارزانی بۆ تاووتوێكردنی دوا پێشڕەویی و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەگەڵ پێشمەرگە و فەرماندەكانی هەردوو میحوەری خازر و گوێڕ- مەخموور کۆبووەتەوە.

بەپێی راگەیێندراوەكە، فەرماندەكان وردەكاریی پێشڕەوەیی هێزی پێشمەرگە و زیانەكانی دووژمنیان بۆ بارزانی باسکردووە و رایانگەیاندووە "ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزە و دووژمن تووشی شكستێكی گەورە هاتووە. هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئۆپەراسیۆنەكەدا سەرجەم ئامانجە دیاریكراوەكانی خۆی لە میحوەری خازر بەدەستهێناوە".

لە بەشێكی دیكەی سەردانەكەدا "سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە فەرماندە و هێزە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنەكە كرد و سوپاسی قارەمانێتی و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد و سەرەخۆشیشی لە كەسوكار و خانەوادەی شەهیدان كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست، هەروەها ئامۆژگاریی و رێنوێنیی پێویستیشی بۆ فەرماندەكانی میحوەری خازر و گوێڕ- مەخموور خستەڕوو".

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 14-8-2016 هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەرەكانی خازر و گوێڕ-مەخموور ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی 10 گوند دەستپێكرد، تاوەكو ئێستاش نۆ گوندیان كۆنترۆڵكردووەتەوە.



rudaw
Top