هێشتا ڕێککەوتنی نێوان کورد و حەشدی شەعبی لە دووزخورماتوو جێبەجێ نەکراوە
بردنە دەرەوەى هێزەکانى هەردوولا لە شارۆچکەکەدا و سپاردنى پاراستنى ئاسایشى قەزاکە بە هێزەکانى پۆلیس و پێکهێنانى لیژنەیەک بۆ چاودێریکردنى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنەکە، دیارتین خاڵەکانى ڕێککەوتنى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى بوون.
قایمقامی شارۆچكەكەش دەڵێت جێبەجێکردنى چەند خاڵێکى ڕێكەوتنەكە پێویستیان بەبڕیاری سیاسیە.
بەوتەى بەرپرسانى حزبى شارۆچکەکە هەرچەندە ئێستا دۆخی ئەمنی دوزخورماتوو ئارامە، بەڵام جێبەجێنەكردنی ڕێكەوتنەكە مەترسی دووبارە سەڕهەڵدانەوەی گرژی و ئاڵۆزیەكانی لێدەکرێت بەتایبەت کە حەشدی شەعبی یەكێك لەگرنگترین خاڵەكانی ڕێککەوتنەکەى جێبەجێ نەكردوە، كە بردنە دەرەوەی هێزەكانیانە لەناوەندی شارۆچكەكەدا.
لەسەرجەم كۆبونەوەكانی نێوان بەرپرسانی كورد و حەشدی شەعبیدا جەخت لەوە کراوەتەوە كە پێویستە بەزووترین کات خاڵەكانی ڕێكەوتنەكە جێبەجێبكرێن، بەڵام بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەڵێن جێبەجێکردنى هەر رێکكەوتنێك پێویستی بەكات هەیە .
لە یەکەم شەڕى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبیدا نۆ پێشمەرگە و هاوڵاتى کورد شەهیدبوون و ٢٠ کەسیش برینداربوون، لە دووەم شەڕیشدا حەوت پێشمەرگە و هاوڵاتى شەهیدبوون و نزیکەى ٣٠ کەسى دیکەش برینداربوون.
لە هەردوو شەڕەکەشدا نزیکەى ٧٠ چەکدارى حەشدى شەعبى کوژران و زیاتر لە ١٥٠ چەکدارى دیکەشیان برینداربووە.
