هەرێمی كوردستان لە دوو ساڵی شەڕی داعش هەزار و 505 شەهیدی داوە
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو ساڵی رابردوو (لە 10-06-2014 تاوەکو 8-08-2016) هەزار و 505 پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا شەهیدبوون، 62 پێشمەرگەش بێسەروشوێنن".
هەر بەپێی ئامارەكان، هەشت هەزار و 852 پێشمەرگەش لە بەرەکانی جەنگ برینداربوونە، لەنێو بریندارەکانیش 950 پێشمەرگە بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات کراون.
شەماڵ جەبار یاوەر، بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتی "ئەو شەهیدانە گشت هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە؛ بە پێشمەرگە، هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، زێرەڤانی، بەرگریی فریاكەوتن. هاوكات ژمارەیەك خۆبەخشیش دەگرێتەوە، كە چوونەتە بەرەكانی شەڕ، حكومەت بڕیاریداوە بە شەهیدی سەنگەر هەژماریان بكات".
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری وەزارەتەکە بۆ کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش رادەگەیێنێت و داوا دەكات بۆ هەر كارێكی نێو فەرمانگەكان پێویستیان بە پشتگیری وەزارەتەكە هەبوو، داوای بكەن.
بەرەڤان حەمدی، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراون بە رووداوی راگەیاند "كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان بۆ هەر كاروبارێكی فەرمانگە، قوتابخانە و زانكۆ تایبەتەكان پێویستیان بە پشتگیری هەبێت، وەزارەت بە خۆشحاڵییەوە پشتگیرییان دەكات".
rudaw
