بەشار کیکی: پێشمەرگە گەورەترین هەنگاوی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵی دەستپێكرد

 بەشار کیکی: پێشمەرگە گەورەترین هەنگاوی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵی دەستپێكرد
بەشار كیكی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند پێشڕەوییەکانی ئەمڕۆی پێشمەرگە لە خازر و گوێڕ، کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ و گەیارەی ئاسانتر کرد و کاریگەری ئەرێنی لە هەموو ڕوویەکەوە دەبێت.

کیکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەركەوتووەكەی ئەمڕۆی پێشمەرگەی كوردستان گوتی "ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی ژمارەیەک گوند لەسەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر و گوێڕ یەکێکە لە گرنگترین هەنگاوەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ و کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر تەواوی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە".

لەبارەی گرنگی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە دژی داعش بۆ مووسڵ، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگایەكە ڕاشیگەیاند "لە هەموو ڕوویەکەوە گرنگی خۆی هەیە بەتایبەتی لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، لە ڕووی سیاسی هەوڵەکان چڕتر دەکاتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی شاری مووسڵ، هەروەها لە ڕووی سەربازیشەوە بە شێوەیەک کاریگەری خستووەتە سەر تیرۆریستانی داعش لە هەندێک شوێن پەرتەوازە بوونە لە هەندێک شوێنی دیکەیش بە زەبری چەک و شمشێرەکانیان خۆیان دەسەپێنن بەسەر خەڵکیدا. لە زۆربەی میحوەرەکانیشدا بۆ سەلماندنی بوونی هێزەکانیان نمایشی سەربازی دەکەن".

کیکی دەڵێ "ئەو سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکانەی دژی داعش تۆمار دەکرێت، ورەی تیرۆریستانی بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو داڕووخاندووە و وای کردووە کە تیرۆریستان توانای بەرگریکردنییان کەم ببێتەوە تەنها پەنا ببنە بەر خۆکوژ و بۆمبی چێندراو".

لەبارەی پێشوازی خەڵکی مووسڵ لە سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە دژی داعش، كیكی بۆ ئاژانسی هەواڵی "ئەنادۆڵو"ی توركی گوتی "دوای سەرکەوتنی هێزەکانی پێشمەرگە لە دژی تیرۆرستانی داعش دڵخۆشییەک کەوتووەتە نێو خەڵکی دانیشتووی مووسڵ لەوە دڵنیا بوونەتەوە کە تیرۆرستانی داعش بەرەو نەمان چوون و ئیتر کاتی ڕزگار بوونیان لە ژێر قەڵەمڕەوی تیرۆرستان نزیک بووەتەوە".






باسنيوز
Top