سیروان بارزانی: بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ چاوەڕێی بڕیاری سیاسی دەکەین

 سیروان بارزانی: بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ چاوەڕێی بڕیاری سیاسی دەکەین
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر و گوێڕ دەستی پێکرد و سیروان بارزانی فەرماندەی ئەو میحوەرە رایگەیاند لەماوەی چەند کاتژمێرێک توانیان پێنج گوند کۆنتڕۆڵ بکەن و ئێستەش بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ چاوەڕێی بڕیاری سیاسی دەكەن.

سیروان بارزانی فەرماندەی میحوەری مەخموور-گوێڕ لە دوا خاڵی هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند "ئێرە بەرزاییەکانی پشت گوندی ئەبزەخە و ئەمە پێنجەمین گوندە کە ئەمڕۆ لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە ئازاد کراوە، هەر چەندە ئێمە پێشبینی ئەوەمان دەکرد چەند کاتژمێرێکی زیاتر بخایەنێ، بەڵام خۆشبەختانە لەماوەی 5 کاتژمێردا توانرا 5 گوند کۆنتڕۆڵ بکرێت".

لەبارەی ژمارەی شەهیدەکانیش لەو ئۆپەراسیۆنەدا سیروان بارزانی گوتی "ئێمە تاوەکو ئێستە دوو شەهیدمان هەیە و گرووپی تیرۆریستی داعشیش زیاتر لە 15 تەرمی کەوتووە".

لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوویان بۆ درێژەپێدان بەو ئۆپەراسیۆنە و ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوە مووسڵ، سیروان بارزانی گوتی "ناتوانین هیچ زانیارییەک لەبارەی پلانی داهاتوو بدرکێنین، بەڵام بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ چاوەڕێی بڕیاری سیاسیی دەکەین".

لەناو گوندی ئەبزەخ چەکدارانی داعش زیاتر بە چەکی قەنناس تەقەیان لە هێزەکانی پێشمەرگە دەکرد و چەکی گەورەیان کەمتر بەکاردەهێنا و لەماوەیەکی کەمدا هێزەکانی پێشمەرگە توانیان بچنە ناو گوندەکە و لەم شەڕەشدا سێ کەس لە هێزەکانی پێشمەرگە بریندا بوون و تەرمی چوار داعشیش لەو ناوچەیە کەوتبوو.

کاتژمێر 6ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەرەکانی مەخموور- گوێڕ بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسعود بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی كوردستان بۆ سەر گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش دەستی پێکرد. ئێوارەی ئەمڕۆش بارزانی بەسەردانێكی مەیدانی، هێڵەكانی پێشەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی بەسەركردەوە و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكان كۆبووەوە.

لە دوای ئەو ئۆپەراسیۆنەش دەسەڵات و تواناکانی داعش لە مووسڵ کەمتر دەبێتەوە، بەمەش ھەنگاوەکانی کۆنترۆڵکردنەوی مووسڵ ئاسانتر دەبێت.

گوندی ئەبزەخ دوا خاڵی هێزەکانی پێشمەرگە کە دەکەوێتە سنووری میحوەری خازر و 15 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی حەمدانیەی سەر بە پارێزگای مووسڵەوە دوورە.








باسنيوز
Top