سەرۆك بارزانی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری خازر بەسەر دەكاتەوە
لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی سەنگەر و بنكە و بارەگاكانی پێشمەرگەی لە هێڵی پێشەوەی بەرەكانی شەڕ بەسەر كردەوە و هەواڵی بارودۆخ و گوزەرانی پێشمەرگەی لە میحوەری خازر پرسی و بۆ تاوتوێكردنی دوا پێشڕەویی و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەگەڵ پێشمەرگە و فەرماندەكانی هەردوو میحوەری خازر و گوێڕ مەخموور كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا فەرماندەكان وردەكاریی پێشڕەوەیی هێزی پێشمەرگە و زیانەكانی دوژمنیان بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد و ڕایانگەیاند كە ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزە و دوژمن تووشی شكستێكی گەورە هاتووە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئۆپڕاسیۆنەكەدا سەرجەم ئامانجە دیاریكراوەكانی خۆی لە میحوەری خازر بەدەست هێناوە. لە بەشێكی دیكەی سەردانەكەدا سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە فەرماندە و هێزە بەشداربووەكانی ئۆپڕاسیۆنەكە كرد و سوپاسی قاڕەمانێتی و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد و سەرەخۆشیشی لە كەسوكار و خانەوادەی شەهیدان كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست، هەروەها ئامۆژگاریی و ڕێنوێنیی پێویستیشی بۆ فەرماندەكانی میحوەری خازر و گوێڕ مەخموور خستەڕوو.
جێگەی ئاماژەپێكردنە سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەكشەممە 14ـی 8ـی 2014 پێشمەرگەكانی هەردوو میحوەری خازر و گوێڕ مەخموور بە مەبەستی ئازادكردنی گوندەكانی نێوان وەردەك گوێڕ لە ئۆپڕاسیۆنێكدا بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان هێرشیان كردە سەر مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعش و یازدە گوند لەو ناوچەیە ئازاد كرا و ئۆپڕاسیۆنەكە بە سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەرجەم ئامانجەكانی خۆی بەدەست هێنا.
