شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرسی تۆپبارانی سنوورەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێ دەکات

 شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرسی تۆپبارانی سنوورەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێ دەکات
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکە، سەردانی تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کردووە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (ئیسنا)ی نیمچە فەرمیی ئێرانی، شاندەکەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 14\8\2016، لەگەڵ عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و نوێنەری خامنەیی کۆبووەتەوە و لەبارەی دوایین ڕەوشی ناوچە و هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پرسی سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کردووە.

بەپێی هەمان سەرچاوە عەلی شەمخانی لەو دیدارەدا ڕایگەیاندووە "ڕەوتی پشتیوانی و پاڵپشتیی ئێران لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی داڕێژراوی حکوومەتی ناوەندیی عێراقدایە و ناگۆڕدرێت، بەتایبەت لە کاتە قەیراناوییەکانیشدا ڕانەوەستاوە".

هاوکات باسی لە ڕۆڵێ ئەرێنیی و کارسازی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە کە لە ڕەخساندنی پەیوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا کردوویەتی و سەرۆکی هەرێمی کوردستانی وەک "سیاسەتمەدارێکی هۆشمەند و خەباتگێرێکی ماندوو نەناس" وەسف کردووە.

ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لەبارەی زیادبوونی هەندێ جموجۆڵی هێزە بەرهەڵستکارە کوردستانی ڕۆژهەڵات نیگەرانیی ئێرانی دەربڕیوە و گوتوویەتی: "ئەو گرووپانە بە پشتیوانیی تۆڕە سیخوڕییە ناوچەیی و نیودەوڵەتییەکان ڕێک خراون و ئێمە پێمان وایە ئاسایشی سەقامگیر لە سنوورەکان، هێڵێ سووری کۆماری ئیسلامی بووە و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێرانیش بە توندی بەرەنگاری هەرچەشنە جموجۆڵێک دەبنەوە."

هەر بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە: "کۆماری ئیسلامی وەک هاوپەیمانی ستراتیژیی عێراق هەتا ئێستا ڕۆڵی سەرەکیی لە هاوئاهەنگیی پرسە ناوخۆیی و ناوچەییەکان گێڕاوە و درێژەدان بەم ڕۆڵە بۆ پاککردنەوەی عێراق لە تیرۆریزم یەکلاکەرەوەیە".

ئەم سەردانەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێک دایە کە هەفتەی ڕابردوو تۆپخانەکانی ئێران بۆ دووەمین جار لەمساڵدا، ناوچە سنووریەکانی سیدەکانیان دایە بەر بۆردومان و زیانێکی زۆری ژینگەییان بە دەڤەرەکە گەیاند و دەیان ڕەوەند و ئاژەڵدار لە ترسی گیانیان ناوچەکەیان بەجێ هێشت.









باسنيوز
Top