فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داعش خۆی لەو شوێنانە ناگرێت کە پێشمەرگە بۆی دەڕۆن

 فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داعش خۆی لەو شوێنانە ناگرێت کە پێشمەرگە بۆی دەڕۆن
فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكات كە سەركەوتنی هێزی پیشمەرگەی كوردستان نزیكە و سەرجەم پێشكەوتنەكانیش بە ئاگاداری بارزانی دەبێت.

عەلی حوسێن، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ - مەخموور، ڕايگەیاند: "ئێستا ئێمە لە گوندەكانی ئەبزەخ و چەند گوندێكین لەوبەری گوێڕ، ئەو شوێنانەی پێشمەرگە بۆی دەڕوات دوژمن خۆی ناگرێت”.

جەختیشی لەوە کردەوە کە پێشمەرگە ئیرادەیەكی بەهێزی هەیە، ئەویش بڕوا بە خۆبوونە و گوتی: “بە ڕاستی پێشمەرگە پەیامێكە بۆ خەڵكی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان كە خاكی كوردستان دەپارێزێت، ئومێدێكە بۆ تێكشاندنی تیرۆرستان بەگشتی".

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ - مەخموور، ئەوەی ڕوون کردەوە: "ئەو ناوچانەی پێشمەرگە هێرشی بۆ كردووە، ناوچەی كوردستانین، لە هەمان كاتدا جێگای مەترسین بۆ سەر پێشمەرگە و لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگن بۆ ئەوەی لەوێوە پێشمەرگە بڕوانێتە سەر ناوچەكانی ژێر دەستی داعش". گوتیشی: “بارزانی دەقە بە دەقە لەگەڵ فەرماندەكانی پێشمەرگە لەسەر خەتە و ئاگاداریان دەكاتەوە، ئاگاداری گشت پێشكەوتنەكانە".





باسنیوز
Top