لێکۆڵەرێکی ئێرانی: تەنیا مسعود بارزانی و باڵەکەی لەناو کورد ھەوڵی سەربەخۆیی کوردستان دەدەن
محەمەد سادق ئەلحوسەینی، نووسەر و لێکۆڵەری ئێرانی لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی تەلەڤزیۆنی (ئەلمەیادین)ی سەر بە حزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاندووە، کە داواکردنی سەربەخۆیی کوردستان لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە لە چوارچێوەی دژایەتیی و شەڕی ئەمریکایە لە دژی ئێران.
محەمەد سادق ئەلحوسەینی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ بە ئیسرائیلی دووەم ناودەهێنێت و رایدەگەیەنێت، کە ئیسرائیل بەردەوام هەوڵ دەدات وڵاتانی عەرەبی دابەش بکات.
ئەو نووسەرە ئێرانییە باس لەوەش دەکات، کە تەنها مەسعود بارزانی و باڵێکی کورد، داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و ئەوەش بە ”پلانێکی ئەمریکا“ لە دژی وڵاتەکەی، وەسف دەکات.
بە گوتەی محەمەد سادق ئەلحوسەینی، ئێران هەرگیز رێگا بە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نادات و تورکیاش ”گومڕا“ بووە. پێشیوایە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی، گوێ بە هیچ نادات، ”هەتا ئەگەر وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکەش پارچە پارچە بن“.
ئەم گوتانەی ئەو نووسەرە ئێرانییە لە کاتێکدایە، کە رۆژی شەممە 13ـی ئابی 2016، نوری مالیکی، سەرۆکی حـزبی دەعوەی ئیسلامیی و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بە میدیا ئێرانییەکانی راگەیاندبوو، کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە ئاراستەی سەربەخۆیی کوردستان ناڕۆن.
باسنیوز
