فەرماندەیەکی پێشمەرگە: لە هەندێک شوێن لە سەنتەری شاری مووسڵەوە نزیکین

 فەرماندەیەکی پێشمەرگە: لە هەندێک شوێن لە سەنتەری شاری مووسڵەوە نزیکین
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە ئاماژە بە پێشڕەویی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت: "بەردەوام دەبین لە هێرشکردنە سەر داعش".



ئەمڕۆ شەممە 14\8\2016، حەمید ئەفەندی، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیک، ڕاگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەردوو میحوەری خازر و گوێڕ سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە، پێشیرەویی باش کراوە، چەندین گوند ئازاد کراونەتەوە و بڕیارە چەندین گوندی دیکە ئازاد بکرێنەوە”.

ڕوونیشی کردەوە کە ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزە و گوتی: “ئەم هێرشەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵە و پێشڕەوی بەرەو سەنتەری مووسڵ دەکرێت، بەڵام پێشمەرگە لە هەندێک شوێنی مووسڵەوە دوورە و لە هەندێک شوێنیش، نزیکی سەنتەری شاری مووسڵین، بۆیە پێشڕەویی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، ئەمڕۆش پێشمەرگە 10 کیلۆمەتر پێشڕەوی کردووە".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە زیانێکی زۆر بەر ڕێکخراوی توندڕەوی داعش کەوتووە و چەندین چەکی قورس لەناو براون، تەنانەت داعش لە شەڕەکەدا تانک (دەبابە)شی بەکار هێناوە، بەڵام پێشمەرگە تا نزیک مووسڵ پێشڕەوی کردووە.






باسنیوز
Top