گۆڕان: پۆستی پارێزگای سلێمانی لە یەکێتی وەردەگرینەوە

گۆڕان:  پۆستی پارێزگای سلێمانی لە یەکێتی وەردەگرینەوە
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، کە لە رۆژی 20ـی ئابی 2016ـەوە لە پۆستەکەیدا نامێنێت.



رۆژی یەکشەممە 14ـی ئابی 2016، میدیاکانی نزیک لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پەیامێکی ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری سلێمانییان بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا رایدەگەیەنێت، لە ماوەی دوو ساڵی پارێزگارییەکەیدا، پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە ”کەشکەلانەوە“ خستووەتەوە ناو ژیانی ئاسایی خەڵک.



لە پەیامەکەیدا، ئاسۆ فەرەیدوون پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشان داوە و رایگەیاندووە، ”ئامادەی رادەستکردن و بەرچاوڕوونی بەڕێز پارێزگاری نوێم“.



پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی ەبوە کردووە، کە لە رۆژی 20ـی ئەم مانگەوە، ئەو وەک پارێزگار نامێنێت، ”لە ڕۆژی ٢٠ ی ئابدا لەو پۆستە دەترازێم“.



لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی سلێمانی، کە هەڤاڵ ئەبوبەکر، کاندیدی گۆڕان دەنگی یەکەمی لەسەر ئاستی پارێزگاکە بەدەست هێنا، پۆستەکەی پێنەدرا و یەکێتی و گۆڕان رێککەوتن لەسەر بەڕێوەبردی پۆستەکە دوو ساڵ بە دوو ساڵ، کە دوو ساڵی یەکەم بۆ ئاسۆ فەرەیدوونی کاندیدی یەکێتی بوو.



رۆژی سێشەممە 17ـی ئایاری 2016، بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی گۆڕان رێککەوتننامەی هاوبەشیان لەنێوان حزبەکانیان واژۆ کرد.









باسنیوز
Top